مەترسى وشکبوونى لەسەرنەما
تاڤگەى بێخاڵ هاژەى دێت
ئاکام غەفور-سۆران
هاژەى ئاوى تاڤگەى بێخاڵ هاوڵاتیانى دڵخۆشکردووە، چونکە کەمبارانى ئەمساڵ هاژەى لەبەر تاڤگەکە بڕیبوو، بەڵام دواى شەپۆلى بارانەکەى چەند رۆژى رابردوو، ئاستى ئاوەکە زیادى کردە.
سەید عەبدورحمان، دنیادیدەیەکى گوندى بێخاڵە و بۆ 964 قسەى کرد و وتى،” بەراورد بە هەفتەی رابردوو ئاوی بێخاڵ زیادی کردوە، هەرچەندە هێشتا کات ماوە و زیاتریش دەبێت”.
باسى لەوەشکرد، لە ساڵانی رابردودا بینیویانە هەرچەندە وشکە ساڵی بووبێت، بەڵام لەگەڵ رەشەبا ئاستی ئاوەکە زیاد بووە، چونکە وەک دەڵێت، لەگەڵ رەشەبا ئاستى ئاوى تاڤگەکە زیاد دەکات”.
تاڤگەی بێخاڵ یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی قەزای رواندز،ناوبانگێکى زۆری هەیە لە کوردستان و عێراق و ساڵانە هەزاران گەشتیار رووى لێدەکەن، لەگەڵ ئەوەش بووە بە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی سۆران و رواندز و ناحیەی سرێشمە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح