ژنێک بە کۆرپە سێ مانگییەکەیەوە گیانى لەدەستدا
لە نەخۆشخانەى شێرەى نەقیب لە کەلار
ژنێک بە کۆرپە سێ مانگییەکەیەوە گیانى لەدەستدا
964+
وریا فەتاح
شەوى رابردوو، ژنێک کە کۆرپەیەکى سێ مانگى لە سکدابووە، لە نەخۆشخانەى شێرەى نەقیب بە کۆرپەکەیەوە گیانى لەدەستداوە، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکەش رەتى دەکاتەوە بەهۆى نەمانى خوێنەوە گیانى لەدەست دابێت.
ژنەکە بەر لە هاتنى بۆ نەخۆشخانە چووەتە لاى مامان بۆ لەباربردنى کۆرپەکەى ناو سکى
دەنگۆکان لە گەرمیان بەو ئاراستەیەن کە ژنەکە و کۆرپەکەى بەهۆى نەمانى خوێن لە نەخۆشخانەى شێرەى نەقیب، گیانیان لەدەستداوە.
964 سۆراغى ئەو بابەتەى کرد و لەگەڵ د.بەناز جەلیل، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شێرەى نەقیب بۆ ژنان و منداڵبون قسەى کرد، لێى پرسى ئەو دەنگۆیانە تاچەند راستن، لە وەڵامدا وتى،” شەوى رابردوو، ژنێکى دوگیان هاتووەتە نەخۆشخانەکەیان، دواتر خۆی و کۆرپەکەى ناوسکى، گیانیان لەدەستداوە”.
وتیشى،”بەوتەى کەسوکارى ژنەکە، ژنەکە پێش ئەوەى بێتە نەخۆشخانە چووەتە لاى مامان بۆ لەباربردنى کۆرپەکەى ناوسکى، بەڵام ئەوە قسەى کەسوکارییەتى و جارێ نازانین ئەو بابەتە تاچەند راستە”.
رەتیشى کردەوە، بەهۆى نەمانى خوێنەوە لە نەخۆشخانەکەیان، ژنەکە و کۆرپەکەى گیانیان لەدەست دابێت.
هەروەک باسى لەوەشکرد، چاوەڕێى راپۆرتى پزیشکى دادین و دەیانەوێت بزانن، ئەو ژنە پێشتر چووەتە لاى مامان بۆ لەباربردنى کۆرپەکەى یان نا.
964 لە هەوڵدایە قسە لەگەڵ کەسوکارى ژنەکە بکات و بۆچوونى ئەوان لەبارەى گیانلەدەستدانى ژنەکە و کۆرپەکە، وەربگرێت.
پێداچووەنەوە: وریا فەتاح