زمانى دایک

“بە کوردى دەژیم بە کوردى دەمرم”

دیلان محەمەد- جەزا

هەرچەندە 21ـى شوبات رۆژى جیهانى زمانى دایکە، بەڵام زانکۆى سلێمانى لە ئەمڕۆوە دەستى بە چالاکى کردووە و دەیانەوێت زمانى دایک زیاتر گەشە پێبدەن.

21ـى شوباتى هەموو ساڵێک، رۆژى جیهانى زمانى دایکە، بەم بۆنەیەوە ساڵانە لە دنیادا توێژینەوەى نوێ و چالاکى جیاواز لەبارەى زمانى دایکەوە دەخرێنەڕوو.

زانکۆى سلێمانى لەئێستاوە دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ لە کۆلێژى زمان، بە بۆنەى رۆژى جیهانى زمانى دایکەوە چەند چالاکییەک ئەنجامدران.

مەهاباد کامیل، پسپورى زمانى کوردى و سەرۆکى پێشووى زانکۆى هەڵەبجە لەبارەى زمانى دایکەوە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”زمانى کوردى جێگەى شانازییە، هەمیشە توێژینەوە و باسەکانمان لەسەر زمان و وشەى کوردییە، شەهیدەکانمان و قوربانییەکانمان بۆ زمانى دایکە، بۆیە زمانەکەمان پایەیەکى گرنگى شوناسمانە”.

ئەگەر زمانمان نەبێت، یەکێک لە پایە سەرەکییەکانى بونمان لەناو دەچێت.

باسى لەوەشکرد، زمانى کوردى زمانێکى دەوڵەمەندە، بۆیە ناکرێت بە زمانێکى هەژار بزانرێت.

ئەو پسپۆڕەى زمانى کوردى هەرچەندە منداڵەکانى لە قوتابخانەى کوردى ناخوێنن، بەڵام وەکخۆى دەڵێت، منداڵەکانى بە کوردییەکى تەڕو پاراو قسە دەکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح