"بەھۆی پابەندنەبوونیان بە مەرجەکانی تەندرووستییەوە"
هەشت دوکانی ترشیات و نانەواخانە لەخورماتوو لەلایەن لیژنەکانی تەندرووستییەوە سزادران
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لیژنەیەکی تەندرووستی تایبەت بۆ پشکنینی نانەواخانە و فڕن و دوکانەکانی ترشیات لەخورماتوو دانرا، ژمارەیەکیش لەو نانەواخانە و شوێنانە سزادران و دوکانەکانیان پێ داخرا.
مەحەمەد ئەکبەر، بەرپرسی کەرتی تەندروستی گشتی خورماتوو بە964ـی وت، لیژنەکە لەسەر داوای ئەوان هاتوون و لەیەکەم هەڵمەتیشیاندا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە ترشیاتی خراپ بوو و هەویری نانەواخانەو فڕنەکاندا گرتووە، کە شیاوی خواردن نەبوون و خاوەنەکانیشیان سزای مادی دراون.
وتیشی، لەهەڵمەتەکەدا بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرجەکانی تەندرووستی، هەشت دوکان و کۆگایەکی ترشیات بەبڕی جیاواز سزای مادی دراون و بەشێکیان شوێنەکانیان پێ داخرا و هەروەها بڕێکی زۆر لەترشیات و هەویری خراپبووش لەناوبراون”.
لیژنەکە بە هاوکاری بنکەی تەندرووستی قەزاکە بەردەوامن لە چاودێریکردنی چێشتخانە و خواردنگەکان و هەر شوێنێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت و مەرجە تەندرووستییەکانی جێبەجێ نەکردبێت، بە بڕی جیاواز سزا دەدرێت و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکانیش شوێنەکەیان دادەخەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر