رێگاى 10 كیلۆمه‌تر له‌ كۆڵ قۆتابییه‌كان بووه‌وه‌

قوتابخانه‌ كابینه‌كه‌ دڵی دانیشتوانى گوندی مڕەى لە پشدەر خۆشكرد

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

له‌ گوندێكی سنوورى پشده‌ر بۆ یه‌كه‌مجار قوتابخانه‌ كرایه‌وه‌، بیناكه‌ى كۆنمكرێت نییه‌ به‌ڵكو كابینه‌یان بۆ دابینكردوون به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ى دڵیان خۆشه‌ كه‌ رێگایه‌كی دوور و درێژ له‌ كۆڵ منداڵه‌كانیان بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌چوونه‌ قوتابخانه‌ى گوندى دراوسێیان.

گوندی (مڕە) سەر بە ناحیەی هێرۆیه‌ لە قه‌زاى پشدەر، 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزێوە دوورە، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 20 ماڵ ده‌بن و بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریکن.

موحسین حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ، بە 964ـی وت، مڕە یەکێکە لەو گوندانەی بەرەو ئاوەدانی زیاتر دەڕوات، مەرجەکانی بوونی قوتابخانەیان هەبوو بۆیە قوتابخانەیەکی چوار کابینەی بنەڕەتییان بۆ داناون.

وتیشی “چەند رۆژێکە قوتابیان وانه‌ی تێدا دەخوێنن و له‌ پلانیشمان دایه‌ له‌داهاتوو شوێنى كابینه‌كان بكه‌ین به‌ بینا بۆ قوتابخانه‌كه‌”.

قوتابخانەكه‌ لە قۆناغی یەکەمه‌وە تاوه‌كو قۆناغی پێنجی بنەڕەتی تێدا دەخوێندرێت و ژمارەی قوتابیەکانیش 20 قوتابن.

گرفتی قوتابیانی گوندەکە ئه‌وه‌بوو هەر رۆژە و ماڵێک دەیبردن بۆ گوندی بێشیر کە 10 کیلۆمەتر رێگایەکەیان دووره‌ و بە سەرما و بە گەرما دەوامیان دەکرد، جگە لە ماندوبوونی خۆیان دانیشتوانەکەشیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردبوو.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ ده‌شڵێت، قوتابخانه‌كه‌ جگه‌ له‌ قوتابیانى ئه‌م گونده‌، قوتابیانی گوندی دەرونەش لێی ده‌خوێنن، هەر گوندێکی تری هاوشێوە لە سنوری ناحیەکەیان پێویستى به‌ قوتابخانه‌ بێت و ژمارەی قوتابیانیان زۆر بێت، بۆیان دابین ده‌كه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گەنجانی ناحیەی هێرۆ یاریگایان نییە

گەنجانی ناحیەی هێرۆ یاریگایان نییە

بێ خەم بڕۆ بۆ سەیرانگەکانی ناحیەی هێرۆ

بێ خەم بڕۆ بۆ سەیرانگەکانی ناحیەی هێرۆ

کانیەکەی هێرۆ لە حەمامی کەمە

کانیەکەی هێرۆ لە حەمامی کەمە