كۆبوونەوەكەی كەركوک
بڕیاری گەڕاندنەوەی زەویوزاری جوتیارانی كورد دەچێتە بواری جێبەجێكردن
كاروان ساڵحی – كەركوک
لیژنەیەکی باڵا بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتنە كەركوك و لە بارەی كێشەی زەویوزاری جوتیارانی كورد كۆبوونەوەیەكی فراوان كرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 18.2.2025 كۆبوونەوەیەك لە دیوانی پارێزگاری کەرکوک بە ئامادەبوونی د.زیاد خەلیفە بریكاری وەزارەتی داد و پارێزگاری كەركوك، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و فەرماندەی فیرقەی 8ی سوپای عیراق کە لە شەناغە جێگیرکرابوون و بەڕێوەبەری گشتی زەویوزار لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەنجامدرا.
كۆبوونەوەكە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویی جوتیارانی سنووری دوبز و ناحیەی سەرگەڕان و گوندەكانی سەر بەو ناحیەیە بوو.
محەمەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان لە كۆبوونەوەكە بەشدار بوو، ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری گەڕاندنەوەی زەویوزاری جوتیارانی كورد بۆ خاوەنەكانیان ئەمڕۆ لە دوو رۆژنامەی فەرمی بڵاودەكرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێكردن، كە پەرلەمان و سەرۆك كۆمار پەسندیان كردووە.
وتیشی، داوا دەكەم جوتیارانی كورد ئارام بگرن و بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا