"هەر لەماڵ بێینەدەر سەربازی تورکیا تەقەمان لێدەکات"

تەندروستی ئەو گەنجەی بەتەقەی سوپای تورکیا برینداربوو باش نییە

ئاکام غەفور – سۆران

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی لۆکانـی دەڤەری برادۆست شوانکارێک بریندار بوو و کەسوکاری دەڵێن، سوپای تورکیا تەقەی لێکردووە.

سەباح شێخ زادە مامی شوانکارەکە لە بەردەم نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “ئەو گەنجەمان گوللە بەر پشتی کەوتووە و تەندروستی باش نییە، دەبێت نەشتەرگری بۆ بکرێت”.

باسی لەوەشکرد، شوێنی رووداوەکە نزیکی گوندەکەیان بووە و تەنیا 500 مەترێک لە گوندەکەوە دوورە، گەنجەکەش پێش ئەوەی تەقەی لێ بکرێت سوپای تورکیای بینیوە.

کەسوکاری ئەو گەنجە دەڵێن، سوپای تورکیا گرفتی بۆ ژیانیان دروستکردووە و هەر لەماڵ بێنەدەرەوە، سوپای تورکیا تەقەیان لێدەکات.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری