"بەردەوام دەبین لە کاری مەدەنی و ناڕەزایەتی"

سێ لە مانگرتووەکان تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆڕی وریا حەمەکەریم دانا

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

سێ لە مانگرتووەکانی سلێمانی گەڕانەوە هەڵەبجە و تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆڕی وریا حەمەکەریم رۆژنامەنووسی کۆچکردوو دانا.

ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025  و لە مەراسیمێکدا، لە هەڵەبجە پێشوازیکرا لە هادی حەمەڕەشید و سروشت هاواری و عەتا ئەحمەد، سێ لەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لەبەردەم نوسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی بۆ ماوەی 15 رۆژ مانیان لە خواردن گرت، دوای مەراسیمەکە چوونەسەر گۆڕی میدیاکاری کۆچکردوو وریا حەمەکەریم و تاجەگوڵینەیان دانا.

مامۆستا ھادی حەمەڕەشید بە 964ی وت، “ئەو خەباتەی ئێمە دەستمانپێکرد بەردەوامە، ئەگەرچی ئێستا مانگرتن ھەڵپەسێردراوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە کاری مەدەنی و ناڕەزایەتی و رێگەی دیکە دەگرینەبەر ھەتا دەگەینە ئامانجەکەمان”.

سەبارەت بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی وریا حەمەکەریم، ھادی حەمەڕەشید وتی، مەرگی وریا کارەساتێکی گەورە و ناخۆشبوو، نەمانتوانی لە پرسەکەیدا بەشداربین، بۆیە پێمانخۆشبوو بە نوێنەرایەتی هاوڕێیانمان بێینە سەر گۆڕەکەی و تاجە گوڵینەی رێز و وەفا دابنێین، چونکە وریا یەکێک بوو لەو رۆژنامەنوسانەی بەردەوام داکۆکی لەو مافانە دەکرد، کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین”.

ھادی حەمەڕەشید و سروشت ھاواری خەڵکی ھەڵەبجەن و عەتا ئەحمەدیش خەڵکی سەیدسادقە کە دوێنی لەلایەن کەسوکاری و خەڵکی سەیدسادقەوە پێشوازی لێکرا.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

یەکێک لە مانگرتووان گەڕایەوە ناو خانەوادەکەی و خوشکەک...

یەکێک لە مانگرتووان گەڕایەوە ناو خانەوادەکەی و خوشکەکەی سوجدەی شوکر دەبات