دەبێت چی بكەن؟

ئەمڕۆ مانگرتووانی سلێمانی نەخۆشخانە جێدەهێڵن

964+

دیلان محەمەد

مانگرتووانی سلێمانی ئەمڕۆ نەخۆشخانەی شار جێدەهڵێن و بڕیارە بگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئەوان دەبێت پابەندی رێنماییەكانی پزیشك بن بۆ خواردن و خواردنەوە.

964 لە ناو نەخۆشخانە ژمارەیەك لەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی دواند، كە مانیان گرتبوو، ئەوان رایانگەیاند، تەندروستییان باشە و دڵخۆشن دەگەڕێنەوە ماڵەوە، دوای بەسەربردنی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە و ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی خۆیانن.

بەڵام ئاماژەیان بەوەش كرد، پزیشك رێنمایی تایبەتی پێداون سەبارەت بە خواردن و چۆنیەتی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی رۆژانە و دەبێت پێوەی پابەندبن، بۆیە كاتێكی زۆرتری دەوێت تا دۆخیان ئاسایی دەبێتەوە.

مانگرتووانی سلێمانی، كە 13 مامۆستا و فەرمانبەر بوون، ماوەی 15 رۆژ لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە سلێمانی خێمەیان هەڵدا و مانیان گرت، داواكارییەكانیان بریتیبوو لە دابەشكردنی موچەی مانگانە لە كاتی خۆی و تەوتینی موچە و چەند داواكارییەكی دیكە، سێ رۆژ لەمەوبەریش مانەكەیان شكاند و گواسترانەوە نەخۆشخانە، كە چەند كەسێكیان باری تەندروستییان تێكچووبوو.

بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن و دواتر بگەڕێنەوە ماڵەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا