بەفربارین لە مەرزى کێلێ...وێنە: 964+
بەهۆى بەفربارینەوە
هاتوچۆ لە مەرزى کێلێ پەکى کەوتووە
964+
وریا فەتاح
بەهۆى بارینى بەفرێکى زۆر لە سنوورى مەرزى کێلێ، هاتوچۆى گەشتیارى و بازرگانى پەکى کەوتووە.
30 بۆ 40 سانتیمەتر بەفرى لێ باریوە
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ـى وت،”بەهۆى بارینى بەفرێکى زۆر لە سنوورى مەرزى کێلێ، ماوەى دوو رۆژە هاتوچۆى بازرگانى و گەشتیارى لە مەرزى کێڵێ پەکى کەوتووە”.
بە وتەى عەباس عەزیز، کێشەکە لە دیوى ئێرانەوەیە و ئەوان بەشى خۆیان پاکنەکردووەتەوە و 30 بۆ 40 سانتیمەتریش لە دیوى ئەوان بەفر کەوتووە، بەڵام لە دیوى هەرێمى کوردستان 10 بۆ 15 سانتیمەتر کەوتووە.
وتیشى،”شەو قسەم لەگەڵ بەرپرسانى مەرزەکەى دیوى ئێران کردووە، بەڵام وتیان ناتوانن پاکى بکەنەوە، هەرچەندە ئێمە دیوى خۆمان تا کاتژمێر 11ـى پێشنیوەڕۆ پاکدەکەینەوە و ئامادە دەبین بۆ هاتوچۆى بازرگانى و گەشتیارى”.
ماوەیەکە بەهۆى شەپۆلى بەفر، ناوە ناوە هاتوچۆکردن لە مەرزەکە پەکى دەکەوێت.
بەقسەی عەباس عەزیز، لە ئێستادا رۆژانە 150 بۆ 250 بارهەڵگر لە مەرزى کێلێوە هاتوچۆ دەکەن و 800 بۆ 1000 کەسیش لە نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان، دێن و دەچن.