کڵاوەکەى سەرى و ریشە سپییەکەى

پیرەمێردى شاعیر بەشداریى بەراتى ئەمشەوى سلێمانى کرد

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئەمشەو لە شارى سلێمانى، بە هاوبەشی كۆمەڵەی هونەری میللی و كۆمەڵەی كەلەپووری كوردستان، بە بەشداری كەسایەتی پیرەمێردی شاعیر یادی بەرات كرایەوە.

یادەكە لەبەردەم ماڵی پیرەمێردی شاعیر، لە گەڕەكی سابونكەرانی سلێمانییەوە دەستیپێكرد، تا گەڕەكی مەڵكەندی ماڵەوماڵ گەڕان، خەڵكی گەڕەك نوقڵ و شیرینیان دەخشییەوە.

هیوا هایەر کە ئەندامێکى کۆمەڵەى کەلەپوورییە، بە ریشێکى سپى و کڵاوێک، وەک کەسایەتى پیرەمێرد رۆڵى گێرا و بەشداریى شەوى بەراتى کرد، وەک خۆى دەڵێت بۆیە بەم شێوەیە دەرکەوتووە، چونکە خەڵکى سلێمانى پەیوەندییەکى قوڵ و رۆحییان لەگەڵ پیرەمێردی شاعیردا هەیە.

جەزای ساز، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللیی كوردستان بە 964ـی وت،” لەسەر رێبازی پیرەمێردی شاعیر و لە بەردەم ماڵەكەی لە گەڕەكی سابونكەرانەوە دەستمان پێكرد، بە گەڕەكە كۆنەكانی شاردا گەڕاین تا گەڕەكی مەڵكەندی”.

“ئەمە جەژنێكی كولتوورییە و لەوەتەی بیرم دێت لە سلێمانی هەموو ساڵێك ئەم یادە كراوەتەوە، ئەمشەو بۆ منداڵان خۆشترین شەوە و هاوشێوەی جەژنە بۆیان”، جەزاى ساز واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح