پاڵاوگەیەک لە هەولێر گڕی گرت

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر

بەهۆی تەقینی کورەکەیەک، پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە هەولێر گری گرت و بەتەواوەتی سووتا.

 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی تشرینی یەکەم، پاڵاوگەی کۆڕەک بۆ بەرهەمەکانی سووتەمەنی، بەهۆی تەقینی کورەی پاڵاوگاکە گڕی گرت.

“تەقینی کورەکەی هۆکاری گڕ گرتنی پاڵاوگەکە بوو”

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند هۆکاری ئاگرەکە تەقینی کورەی پاڵاوگەکە بووە کە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووەو بووەتە هۆی سووتانی تەواوی پاڵاوگەکە.

پاڵاوگەی کۆڕەک، دەکەوێتە سەر رێگای هەولێر کەرکوک، سنووری ناحیەی قوشتەپە، یەکێکە لەو ٩٨ پاڵاوگەی سنووری پارێزگای هەولێر کە تەنیا دوانیان مۆڵەتی یاسایی هەیە بەپێی ئامارەکانی دەستەی ژینگە کە بە میدیازان دراوە. 

پەیامنێری میدیازان، لەشوێنی ئاگر کەوتنەوەکە بوو، رایگەیاند کارمەندێکی تیمی ئاگر کوژێنەوە، بەهۆی پاڵەپەستۆی ئاگرەکە هۆشی نەماوەو دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کرا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

گڕ گرتنی پاڵاوگەی کۆڕەک – ڤیدیۆ – میدیازان