دیمەنی قەزای رانیە لە کلکەی کۆڵینەوە وێنە: سۆشیاڵ میدیا
لە ئاماری پێشێلکاریەکانەوە
دووساڵە راپەڕین ئازاری رۆژنامەنوسیان نەداوە و پێشەنگن
964+
ژێوار خدر
ماوەی دوو ساڵە هیچ پێشێلکارییەک بەرامبەر رۆژنامەنووسانی دەڤەری راپەڕین نەکراوە، سکرتێری نوسینگەی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش دەڵێت، هۆکارەکەی بۆ هەماهەنگی باڵای نێوان راگەیاندنکاران و دامودەزگاکانی حکومەت دەگەڕێتەوە.
مستەفا محەمەد، سکرتێری نوسینگەی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە 964ـی وت، بەپێی راپۆرتی لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای سەندیکای رۆژنامەنووسانەوە ساڵانە دەردەکرێت، تایبەتە بە ئامارەکانی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، ماوەی دوو ساڵە هیچ پێشێلکارییەک بەرامبەر رۆژنامەنووسانی دەڤەری راپەڕین تۆمار نەکراوە.
وتیشی، لە راپۆرتەکەدا 45 حاڵەتی پێشێلکاری لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆمار کراون، بەڵام نە لە راپۆرتەکەی ئەمسال و نە هی ساڵی رابردووشدا، هیچ کام لەو پێشێلکارییانە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نەبوون.
“لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، هەماهەنگییەکی باڵا هەیە لەنێوان راگەیاندنکاران و دامودەزگاکانی حکومەت، راگەیاندنکارەکانیش خۆیان هۆکارن بۆ دروستبوونی ئەم هەماهەنگی و لەیەکتێگەیشتنە، چونکە خۆیان پیشەییانە کار دەکەن، ئەمەش وایکردووە هەردوولا هاوکاری یەکتر بکەن و هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بە حکومەت گرفت بۆ راگەیاندنکاران دروست نەکات.” مستەفا محەمەد وای وت.
ئەو پێشێلکاریانەی لە راپۆرتی لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان تۆمار دەکرێن پێکهاتوون لە؛ راگرتن و دەستگیرکردن، رێگەنەدان بە رووماڵ وجیاکاری، هێرش و سوکایەتی، هەڕەشە، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و راگرتن ودەستگیرکردن، لێدان و هەڵکوتانە سەردەزگای راگەیاندن.