"هێشتا بەشێک لە پۆستەرەکانی هەڵبژاردن لانەبراون"
شارەوانیی پێنجوێن تابلۆ و پۆستەرە زیادەڕۆکان لادەبات
کامیار کەمال- پێنجوێن
شارەوانیی پێنجوێن ئاگاداری داوەتە دوکان و شوێنە بازرگانییەکانی قەزاکە، بۆ ئەوەی ئەو تابلۆیانەی بە نایاسایی و بە شێوەی زیادەڕۆ هەڵواسراون، لاببرێن.
رەئوف رەشید سەرۆکی شارەوانیی پێنجوێن بە 964ـی وت، “ئەو شوێنانەی موڵکی شارەوانین بە شۆستە و شەقامەکان و ستوونەکانەوە، دەبێت بە مۆڵەتی شارەوانی ریکلام و پۆستەر هەڵبواسن و بۆ ئەوەش دەبێ پارە بدەن”.
وتیشی، ماوەیەک چاوەرێ دەکەن تا پۆستەرەکان لاببرێن، ئەگەرنا خۆیان دەست دەکەن بە لابردنی تابلۆ و پۆستەرەکان، خۆشیان دەزانن کام شوێنانە بە یاسایی دانراون و مۆڵەتیان هەیە.
باسی لەوەش کرد، زۆربەی ئەو تابلۆیانەی لەسەر دوکان و شوێنە بازرگانییەکانی پێنجوێن هەڵواسراون، نایاسایین و دەبێت لاببرێن.
بە قسەی رەئوف رەشید، هێشتا بەشێکی لایەنە سیاسییەکان پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان کۆنەکردووەتەوە، بۆیە ئەوانیش لێدەکەنەوە و لایاندەبەن.
سەرۆکی شارەوانیی پێنجوێن وتیشی، بەپێی یاسا هەر شوێنێک موڵکی شارەوانی بێت، ئەگەر تەنانەت عەرەبانەیەکی لێ دابنرێت، ئەوا شارەوانی دەتوانێت پارەی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەوان موراعاتی هاوڵاتیانیان کردووە و چاوپۆشیان لێدەکەن بەهۆی قەیرانی داراییەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری