دراوی عێراقی لە جۆری 25 هەزار دیناری - وێنە: 964
موچەی خانەنشینان کەمناکات
هەولێر و بەغدا رێککەوتن هاوتاکردنی موچەی هەموو خانەنشینان هەڵنەوەشێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
بەغدا نیازی وابوو هاوتاکردنی موچەی ئەو خانەنشینانەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە کە پێش بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە 2022 خانەنشین کراون، بەڵام کەمێک پێش ئێستا رێککەوتن کە هاوتاکردنەکە هەڵنەوەشێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10.2.2025، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، لەنێوان هەولێر و بەغدا هەڵەتێگەیشتن هەبوو لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق کە لە 2022 دەرچووە، “شاندی هەرێم لەبەغدا لە رێی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێم پێیان راگەیاندم خۆشبەختانە هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی هەرێم رێکەوتنی لەسەر واژۆ کرا، موچەی هەموو خانەنشینانی هەرێم هاوتا دەکرێت واتە ئەوەی هەرێم کردویەتی قبوڵکرا”.
بڕیاری هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی لەگەڵ عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە لە 23.11.2022 دارکراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای روونکردنەوەی لە دادگاکە کردبوو و رایگەیاندبوو نابێت ئەوانەی پێش بڕیارەکە بگرێتەوە.
ئەگەر ئەو خواستەی وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێ ببوایە، موچە لە 600 ھەزار دینارەوە دەبووەوە 220 ھەزارو لە یەک ملیۆن و 300 ھەزار دینارەوە دادەبەزیووە بۆ 700 تا 800 ھەزار دینار.
لە 1ـی تەمووزی ساڵی رابردوو موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کراوە، بەڵام تەنیا ئەو خانەنشینانەی گرتووەتەوە، کە پاش ساڵی 2014 خانەنشین بوون.