کەرکوکییەکان نوێژیان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە باکور و رۆژئاوای کوردستان کرد

+964

کاروان ساڵحی- کەرکوک

لە مزگەوتی گەورەی شۆراو، نوێژ جەنازە بە غایبی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا، دوای نوێژەکەش سندوقی کۆمەک راگەیەندرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی شوبات، لە مزگەوتی گەورەی شۆراو لە کەرکوک دوای ئەنجامدانی نوێژی مردوو کەمپینی هاوکاری کۆمەک لەژێر ناوی ژیان راگەیەندرا بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان.

دکتۆر ئەحمەد کەرکوکی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی شۆراو بۆ تۆڕی964 قسەی کردووە و دەڵێ: لە سبەینێوە دەستدەکەین بە وەرگرتنی هاوکاری لە هەردوو مزگەوتی شۆراوی شاری کەرکوک و پاشان کۆی دەکەینەوە رەوانەی لێقەوماوانی باکور و رۆژئاوای کوردستانی دەکەین.

ئەحمەد کەرکوکی کە یەکێکە لە بانگخوازە بەناوبانگەکانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا وەک کورد هاوبەشیانین و لە ئازارەکانیان دەگەین، چونکە کە ئێمەش تووشی مەینەتی و لێقەوماوی و نەهامەتی و دەربەدەری بووینە، بۆیە لەوان تێدەگەین.

“داواکارین لە کەسانی سەرمایەدار و کەسانی باڵا بەدەست هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی هەوڵبدەین داهاتێکی باش و شایستە کۆبکەینەوە بە زوترین کات بیگەیەنین بە لێقەوماوان”. مامۆستا ئایینییەکە وای وت.

بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، زیاتر لە حەوت هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی ئەو کەسانەشی کە بریندار بوونە سەرووی 30 هەزار کەس دەبێت، تا ئێستاش گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لەژێر پاشماوەی باڵەخانە کەوتووەکان ماون، بەردەوامی هەیە و ئەو ئامارانەشی تا ئێستا بلاو کراونەتەوە بەردەوام لە گۆڕان دان.