بە چەپڵە و وتنەوەی دروشم پشتیوانی لە مانگرتووان دەکەن

بەم سەرمایە بەردەم خێمەی مانگرتووان جمەی دێ و بەرناکەوێ

دیلان محەمەد – سلێمانی

رۆژی هەینییە و هاوڵاتیان پەیتا پەیتا بەرەو خێمەی مانگرتووانی سلێمانی دەڕۆن و پشتگیری خۆیان دووپات دەکەنەوە.

سەرماش نەیتوانیوە بەردەم خێمەکە چۆڵ بکات و خەڵکێکی زۆر بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان کۆبوونەتەوە، بەشێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـیان وت، ئەوان حکومەتی کوردیان زۆر بەلاوە پیرۆزترە لە حکومەتێکی بێگانە، بەڵام با مافی هاوڵاتیان دەستەبەر بکات و بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێت.

ئەمڕۆ هەینی 7.2.2025 لە 11یەمین رۆژی مانگرتنەکەیاندا، فەرمانبەران و مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی بڕیاریاندا وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەتبکەنەوە.

دواتر لیژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی خێمەی مانگرتووانیان کرد و د. بڕیار رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وت، “داواکارییەکانمان لێ وەرگرتن و بڕیارماندا لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکبهێنین بۆ ئەوەی بەدواداچوونێکی کرداری بۆ ئەم بابەتە بکەین تاوەکو بگەین بە چارەسەرێکی ریشەیی”.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری