ئەو بڕیارەى وەزارەتى کشتوکاڵ شانازى پێوە دەکرد
وریا حەمەکەریم، بە مەرگیشى قاچاخچێتییەکى ئاشکرا کرد
964+
وریا فەتاح
وریا حەمە کەریمى رۆژنامەنووس، زۆر جار لە راپۆرت و بابەتە رۆژنامەوانییەکانیدا پەردەى لەسەر زۆر نهێنى و گەندەڵى لادەدا، بە مەرگیشى پەردەى لەسەر نهێنییەک لادا و ئاشکراى کرد، ئەو بڕیارەى وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ قەدەغەى هاوردەى تەماتە دەریکردبوو، جێبەجێنەکراوە.
رۆژى 23.1.2024، لەسەر داواکاری جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم بڕیاریدا بە قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوە.
ئەم بڕیارە، شاندێکى گەورەى جوتیارانى بەسرەى هێنایە هەولێر و لە دیوانى وەزارەتى کشتوکاڵ شاندەکە کەوتە پیاهەڵدان و ستایشى وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم، پێیان وت،” وەزیرێکى دادپەروەرى و وەزارەتەکەت جوانکردووە، خواى گەورە بتپارێزێت دایکى نان”.
نازناوی الام الخبز بەخشرایە بێگەرد تاڵەبانی
وەزارەتى کشتوکاڵ لە پێگەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک زۆرى لەسەر بڕیارەکە بڵاوکردەوە، شانازى بەوە دەکرد لە رێگەى ئەم بڕیارەوە، دەستى جوتیارانى ناوخۆ دەگرن.
زۆرى نەبرد، دواى 14 رۆژ بەسەر بڕیارى قەدەغەکردنى هاوردەى تەماتە، رووداوێکى هاتۆچۆ کە ئەم بەیانییە روویدا و تێیدا وریا حەمەکەریمى رۆژنامەنووس و هاوڵاتییەکی دیکە گیانیان لەدەست دا، پەردەى لەسەر راستى و دروستى بڕیارەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ لادا.
رووداوەکەى بەهۆى بارهەڵگرێکەوە روویداوە کە پڕبووە لە تەماتەى هاوردە، بە وتەى عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، ئەو تەماتەیە بە قاجاغ داخلکراوە و دوێنێ شەو هەشت ترێلەى گەورە تەماتە داخلکراوە و لە بەرامبەر داخلکردنى هەر ترێلەیەکیش سێ هەزار و 50 دۆلار وەرگیراوە.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئێستا 18 ترێلەى دیکەى تەماتەى قاچاخ لە پەروێزخانن.
لاى خۆیەوە ئەنجومەنی جوتیارانی پێنجوێن و ژمارەیەک جوتیاری ناوچەکانی دیکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە عەلوەی سلێمانی ئەنجامیاندا باس لەوە دەکەن، ئەو بارهەڵگرەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی میدیاکار وریا حەمەکەریم و هاوڵاتییەکی دیکە، بارە تەماتەی قاچاغی پێ بووە.
ئەوان نکۆڵی ناکەن لەوەی کە بارەکە قاچاغە، گومان دەکرێ لە دەروازەی پەروێزخان هاتبێتە ناو هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی تەماتە.
بەختیار قادر، ئەندامی رێکخراوی جوتیارانی کوردستان و ئەنجومەنی جوتیارانی قەزای پێنجوێن وتی، وەزارەتی کشتوکاڵ، قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتەی کردووە لەسەر داوای ئێمە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ ساغبکرێتەوەو جوتیاران سوودمەندبن، بەڵام هەندێکجار بەشێوەی نایاسایی و بەڕێگەی قاچاخ تەماتە هاوردە دەکرێت.
بە قسەی ئەو ئەنجومەنی جوتیاران، ئەو بەرهەمانەی بەقاچاخ هاوردەدەکرێن، بە فلتەری هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی تێپەڕنابن و نازانرێت کوالێتیان لەچ ئاستێکدایە، بۆیه وتی، “بهدڵنیاییهوه دهیڵێین، بهداخهوه ئهو بارههڵگره بارهكهى قاچاخ بوو”.
964 هەوڵیدا بۆچوونى وەزارەتى کشتوکاڵ لەسەر ئەو بابەتە وەربگرێت، بەڵام هیوا عەلى وتەبێژ وەڵامى پەیوەندییە تەلەفونییەکەى 964 و ئەو نامەیەى نەدایەوە کە لەواتساپەوە بۆمان نارد، وەزیریش تەلەفونەکەى داخرابوو لە واتساپیشەوە پەیوەندییەکەمان بەبێ وەڵام مایەوە.