بە حەفارە زەویی جوتیارێکیان هەڵکەندووە
لە گوندێکی کەرکوک هێزەکەی سوپا و حەشدی شەعبی بەداوی چیدا گەڕاون؟
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
هێزێکی سوپا و حەشدی شەعبی زەوی جوتیارێکی کوردی گوندی شەناغەی سەر بە ناحیە سەرگەڕان هەڵکەندووە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە بەدوای چەک و تەقەمەنی یاخود شوێنەوار گەڕاون و لە ئێستادا لیژنە پێکهێنراوە بۆ بەدواداچون.
درنگانێکی شەوی 2.2.2025 هێزێکی سەر بە فیرقەی 8ـی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی و چونەتە سەر زەوی جوتیارێکی کوردی گوندی شەناغە بە حەفارە چەند مەترێکان هەڵکەندووە و پاشان رۆیشتوون و لەدوای خۆیان پارچەگۆزەی شکاوی کۆنیان بەجێهێشتووە.
محەمەد ئیسماعیل موختاری گوندی شەناغە بە 964ـی وت، “کاتێک ئەوهێزە هاتن بۆ گوندەکە بەپێی بەرپرسیارێتی خۆم دەست بەجێ بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانم ئاگادارکردەوە و رۆیشتمە لای هێزەکە رێگەیان پێنەداین نزیک ببمەوە پرسیارم کرد، چۆن ئێرە چاڵدەکەن و بەدوای چیدا دەگەڕێن، وتیان بە بڕیاری سەربازی هاتووین بەدوای چەک وتەقەمەنی پاشماوەی داعش هەیە لەو شوێنە دەریدەهێنین، بەڵام قسەکانیان راست نییە چونکە گوندی شەناغە نەکەوتە دەستی داعش”.
موختاری گوندەکە وتیشی، دوای رۆیشتنی هێزەکە، پۆلیسی خۆجێیی و ئاسایشی نیشتمانی هەواڵگری هاتن بۆ شوێنەکە چەند پارچە گۆزەیەکی کۆنی شکاویان بینی کە لەو شوێنە بەجێیان هێشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنیەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، خاوەن زەویەکە ئەوەی راگەیاند کە پێش دوو مانگ چەند کەسێکی بەڕەگەز ئێرانی هاتوون و نەخشەیەکی سەردەمی مەغۆلەکانیان پێی بووە پێیان وتووە لەژێر پارچە زەویەکەت زێڕی تیدایە هاوکارمان بە، بەڵام رازی نەبووە و دواتر رۆیشتن، ئەو هێزەش کە هاتووە هەمان ئەو شوێنەیان چاڵکردووە کە ئێرانیەکان پێیان وتین.
رائید عوگڵە بەڕێوەبەری پشکنین و شوێنەواری کەرکوک بە 964ـی وت، دەستبەجێ لە گەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان و بەڕێوەبەری پۆلیسی شوێنەوار و قائیمقامی دووبز گەیشتینە گوندی شەناغە، سەرجەم ئەو قسانەی کە باس لە خشڵ و زێر دەکات دورە لە راستیەوە ئەو هێزە بەدوای چەک و تەقەمەنی گەڕاون، تیممان پێکهێناوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت ئەو گۆزانەی لەو شوێنە شکاون تەمەنی چەندە و لە ناوچەی دیکە هێنراوەتە ئەو شوێنە و شکێندراوە یاخود هەر لەو شوێنە دەرهێنراوە.
عەبدولموتەلیب نەجمەدین بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت بە 964ـی وت، دوای ئاگادارکردنەوەمان لە لایەن موختاری گوندی شەناغە لایەنی پەیوەندیدار و ئیدارەی شارەکەمان ئاگادار کردەوە، سەردانی گوندەکەمان کرد و هیچ کەسێک بەچاوی خۆی شتێکی نەبینیوە، تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک هیچیان بڵاونەکردووەتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی