دیمەنی قەلای هەولێر لە شەودا وێنە: سۆشیاڵ میدیا
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی
ئەمشەو هەشت گەڕەکی دیکەی هەولێر کارەباکەیان دەبێتە 24 کاتژمێری
964+
ژێوار خدر
پڕۆژەی رووناکی لە هەشت گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت ولەمشەوەوە کارەباکەیان دەبێت بە 24 کاتژمێری
وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ چوارشەممە 5.2.2025 رایگەیاند، لە رێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ گەڕەکەکانی کوران، رزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و راستی دابیندەکرێت، کە ئەم گەڕەکانە زیاتر لە 28 هەزار هاوبەشی کارەبایان هەیە.
پێشتر هەریەک لە گەڕەکەکانی شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری و سەربەستی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکرابوو، واتە ئێستا بەکۆی گشتی 13 گەڕەکی شاری هەولێر 24 کاتژمیر کارەبای نیشتیمانییان هەیە، کە 50 هەزار هاوبەشی کارەبا دەکات.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیپێکردووە، لەچەند هەفتەی داهاتوودا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگایانەش دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری.
هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی رووناکیەوە بکەن لە رێگەی ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک یان کێشەیەک، سەنتەرەکە لەکاتژمێر 9:00ی بەیانی تا 9:00ی شەو بەردەستە.