ئاگاداربن لەو نوێکارییانەی ئەپڵ
زیرەکی دەستکرد ئۆتۆماتیکی بۆ مۆبایلەکانتان کارا کراوە
964+
عەبدولباری ساڵح
لە نوێترین ڤێرژنیدا سیستەمی ئای ئۆ ئێسەکەی ئەپڵ 18.3, تایبەتمەندییەکانی زیرەکی دەستکردی هێناوەتە ناو ئایفۆن، ئایپاد و ماکەکانتان و کێشەکەشی ئەوەیە ئۆتۆماتیکی وەگەڕ خراوە.
ئەو بەکارهێنەرانەی مۆدێلەکانی 2024 و 2023 پڕۆ بەکاردەهێنن، لە کاتی رێکخستنیدا راستەوخۆ Apple intelligenceــیان بۆ چاڵاک دەبێت، ئەمەش بژاردەکانی پێشوەختە لەبەردەم بەکارهێنەران ناهێڵێت.
بۆ ئەو بەکارهێنەرانەشی کە دەیانەوێت ئەو خزمەتگوزارییە نەهێڵن لە مۆبایلەکانیان پێویستە ئەو چەند هەنگاوە بنێن:
1-بچۆ بۆ بەشی settingsـی مۆبایلەکەت
2-دواتر بڕۆ سەر بەشی Apple intelligence and Siri
3-دوگمەی Off apple intelligence دابگرەو خزمەتگوزارییەکە دەوەستێت.
لەکاتێکدا ئەپڵ بەردەوامە لە فراوانکردنی یەکخستنی AI لە سەرجەم ئامێرەکانیدا، ئەم هەنگاوەشی بووەتە جێگای مشتومڕی زۆر لە ناو بەکاهێنەرانی سیستەمەکەیدا سەبارەت بە شەفافیەت و کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنەر لە نوێکردنەوەکانی ئەپڵ و یەکخستنی تەکنەلۆجیاکەیدا.
کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت، سیستەمی AI بۆ بەرزکردنەوەی ئەزموونی بەکارهێنەر دروستکراوە لەڕێی دووبارە نووسینەوەی دەق، دروستکردنی وێنە و کورتکردنەوەی پەیامەکان.
هەروەها ئاماژە بەوەشدەدات، ئاگادارکردنەوە و نۆتیفیکەیشنەکانی زیرەکی دەستکرد بەوە جیا دەکرێنەوە کە بە ئیتاڵیک نیشاندەدرێن و لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی ئەپلیکەیشنەکانی تر تێکەڵ نابن.
دوای ئەو مشتومڕانەشی لەسەر نوێکارییەکان دروست بوون، کۆمپانیای ئەپڵ پوختەی ئەو هەواڵانەی کە لە رێگای AIــەوە بەڕێوەدەبرێن، راگرت.