لە قەزای بەلەد تاوەرێکی کارەبا کەوت و کارمەندێک گیانی لەدەستدا
لە سەڵاحەدین
تاوەرێکی کارەبا کەوت؛ کارمەندێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بریندارن
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە قەزای بەلەدی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، لەکاتی چاککردنەوەی هێڵی کارەبا، تاوەرێکی کارەبا کەوت بەسەر چەند کارمەندێکدا، یەکێکیان گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.
حەمزە عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەلەد بە964ـی وت، “ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 4.2.2025 ژمارەیەک کارمەندی کارەبای قەزای بەلەد، سەرقاڵی چاککردنی کێشەیەکی هێڵی کارەبای قەزاکە بوونە، لەو کاتەدا تاوەرێکی کارەبا کەوتووە بەسەریاندا و یەکێک لەکارمەندەکان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و سێ کارمەندی دیکەش بەسەختی برینداربوون.”
وتیشی، “ئەو کارمەندانە هەڵگری ناسنامەی ئێرانین و لەبەشی کارەبای قەزای بەلەد کاردەکەن و دوای رووداوەکە سەرجەمیان رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی تکریت کراون، لەئێستادا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدان، چونکە باری تەندروستی دوو لە کارمەندەکان ناجێگیرە و تووشی خوێنبەربوون بوون”.
964 زانیویەتی لەهەمان شوێن، کارمەندێکی دیکەی کەرتی دابەشکردنی بەشی کارەبای قەزاکە، لەکاتی کارکردندا، تەزوی کارەبا لێیداوە و بە برینداری رەوانەی نەخوشخانە کراوە و تائێستا بێهۆشە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری