لە شارەزوور شەڕە چەقۆ روویدا و دوو کەس برینداربوون
برینی یەکێکیان سەختە و رەوانەی سلێمانی کراوە
لە شارەزوور شەڕە چەقۆ روویدا و دوو کەس بریندار بوون
بڕوا مەجید – شارەزوور
بەهۆی شەڕەچەقۆ دوو کەس لە قەزای شارەزوور برینداربوون و یەکێکیان رەوانەی سلێمانی کراوە.
سامان سابیر بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ بە 964ـی وت، “ئەمشەو دووشەممە 3.2.2025 لەناو بازاڕی سیروانییەکان لە ناوەندی قەزای شارەزوور، دەمەقاڵێ لە نێوان دوو کەسـدا دروست بووە و دواتر یەکتریان بەر چەقۆ داوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوو کەسەکە برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور، دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، یەکێکیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری