بنەماڵەی ژنەكوژراوەكەی چەمچەماڵ روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوە
“لەنیا ئافرەتێكی لەخواترس و موتەدین بوو”
ئەرسەلان عەبدوڵا
بنەماڵەی ئەو ژنەی ئەمڕۆ دووشەممە لە چەمچەماڵ بە چەقۆ كوژرا، روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوە و دەڵێن لە لایەن كەسێكی نزیكیانەوە كوژراوە.
بنەماڵەی لەنیا ئەحمەد حەمەكەریم ئەم ئێوارەیە لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی دەڵێن، كچەكەیان لەدایكبووی 1992 بوو، دوو منداڵی هەیە و مامۆستای بەشی زمانی عەرەبییە لە زانکۆی چەرموو.
هەروەها دەڵێن، “هیچ کێشەیەکی نەبوو لەگەڵ هیچ کەسێک و ئافرەتێکی لەخواترس و موتەدین و سەنگین و خانەدان بوو، خاوەن بڕوانامەی ماستەر بوو”.
بنەماڵەی ژنەكە لە روونكردنەوەكەدا ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە لەنیا لە لایەن كەسێكی نزیكی خۆیانەوە كوژراوە و كەسەش بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە ئالودەی ماددەی هۆشبەرە و پێشتریش لە 2016 چووەتە ناو رێكخراوی داعش و لەلایەن ئاسایشەوە ماوەیەک سزادراوە، بەڵام ئەوەش دەڵێن “نازانن چۆن ئازاد کراوە کە خۆی وتوویەتی داعشم”.
بنەماڵەی لەنیا ئەحمەد، بە تكاكردنەوە داوا لە راگەیاندن و سۆشیال میدیاكان دەكەن لە خۆیانەوە هەواڵی ناڕاست بڵاونەکەنەوە و چیتر ئازاریان نەدەن.
ئەمڕۆ شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، تەرمی ژنێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ و ئاسەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە دیارە.