هەردوو شاندی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا - وێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم:
شاندی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر موچە گەیشتنە رێککەوتن
964+
شۆڕش قادری
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم گەیشتوونەتە رێککەوتن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، “دوای 15 رۆژ کاری بەردەوام لە نێوان شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، دواجار ئەمڕۆ دووشەممە 3.2.2025 توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێکكەوتنی کۆتایی.”
ئاماژەیان بەوەش کردووە، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی تەمویلی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بە گەیشتنی تەمویلەکەش، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.
دەقی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم:
شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن
دوای 15 ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، لەبینای ئەنجومەنی ئابووری عێراق بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب)وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان لەبەغداد و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچوو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێكکەوتن.
لەلایەکی ترەوە شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (2025 )ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
شایانی باسە شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچەو خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٣ ی شوباتی ٢٠٢٥.