کێشەى موچە نامێنێت

2025 ساڵى ناردنى پارە دەبێت لە بەغداوە بۆ هەرێم

وریا فەتاح

دواى ئەوەى ئەمڕۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەنگی بە هەموارى یاساى بودجە دا، هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکاتەوە و دەبێت بەغدا تەواوى شایستە داراییەکانى هەرێم بنێرێت.

لە دانیشتنى ئەمڕۆیدا، پەرلەمانى عێراق دەنگی بە هەموارى یاساى بودجە دا و بەپێى مادەى 12ـى هەموارەکەش بێت، هەناردەى نەوتى هەرێم لە بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بە سەرپەرشتى کۆمپانیاى سۆمۆ دەستپێدەکاتەوە.

دەنگدان بە هەموارى یاساى بودجە چى لە ژیانى هەرێم دەگۆڕێت؟

هەر دواى دەنگدانەکە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە پەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نووسی، “سوپاس بۆ خودا لە پەرلەمان دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە درا و هیچ بیانوویەک لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و نەناردنی بودجەی هەرێم نەما”.

لاى خۆیەوە نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەران بە 964ـى وت،” بەپێى مادەى 12 لە هەموارى یەکەمى یاساى بودجە کە تایبەتە بە تێچووى نەوتى هەرێم، رێگەدەدات لێرە بەدواوە هەناردەى نەوتى هەرێم لە بەندەرى جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە”.

دەشڵێت: بە دڵنیاییەوە بە هەموارکردنەوەى ئەم مادەیە، ئەوا هەرێمى کوردستان بەشدار دەبێت لە داهاتە نەوتییەکان، بەو پێیەش مەرجێکى ترى سەر پابەندییەکانى هەرێم جێبەجێ دەکرێت و هەرێم دەتوانێت دواى تەواوى شایستە داراییەکانى خۆى بکات.

ئەو پێى وایە، بەهۆى راگرتنى نەوتى هەرێم، لە ماوەى رابردوو هەمیشە دەوترا کە هەرێم بەشدار نییە لە داهاتە فیدڕاڵییەکان، بۆیە بەغدا تەنیا پارەى موچەى دەنارد، بەڵام وەک ئەوەى نەرمین مەعروف باسى دەکات، لێرە بەدواوە هەرێمى کوردستان تەواوى شایستە داراییەکانى کە لە هەموارەکەدا هاتووە، وەریبگرێت.

“بەپێى هەموارەکە بێت، هەرێم جگە لە موچە دەتوانێت بودجەى ئاوەدانکرنەوە و وەبەرهێنان و پترۆدۆلار لە بەغدا وەربگرێت”، نەرمین مەعروف واى وت.

مادەی دوانزە/ دووەم/ ج لە هەموارى یاساى بودجەى عێراق تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت، تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر کە لەماوەی 60 رۆژى دواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەستنیشاندەکرێت.

بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.