
سلێمانی لە کاتی باران بارین _ فۆتۆ: 964
کەشناسی سلێمانی داتای خستووەتەڕوو
مانگی یەکی ئەمساڵ بەراورد بە 30 ساڵ پێش ئێستا 100 ملم باران کەمتر باریوە
964+
توانا نەقی
کەشناسی سلێمانی بەراوردی رێژەی بارانبارین و بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمی تا مانگی یەکی لەچاو 30 ساڵ پێش ئێستا کردووە و تا ئێستا 100 ملم باران کەمتر بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردەوە، كۆی گشتی باران لەم مانگی یەک دا 25.2 ملم بووە كە بەراورد بە تێكڕای بارینی مانگی كانونی دووەمی 30 ساڵی ڕابوردوو نزیكەی 100 ملم كەمتر بووە.
ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە 964ـی وت، بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێسگەی كەشناسی سلێمانی لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ نزمترین پلەی گەرمی 0.2 پلەی سیلیزی تۆمار كراوە و بەرزترین پلەی گەرمیش 18.2 پلەی سیلیزی بووە.
وتیشی، هەروەها تێكڕای پلەی گەرمی لەمانگی یەکدا 8.1°C بووە كە بەراورد بە تێكڕای پلەی گەرمی مانگی كانونی دووەمی 30 ساڵی رابوردوو ئەمساڵ 1.3 پلە گەرمتر بووە.
سەبارەت بەوەی بۆ بەراوردی 30 ساڵی رابردوویان کردووە ئاسۆ کەمال دەڵێت، ئەوان تێکڕای ئەو ساڵەیان لەبەردەس بووە و بۆیە ئێستا لەگەڵ مانگی رابردوو بەراوردیان کردووە و بەوشێوەیە بووە.