بە تێچووی زیاتر لە 44 ملیۆن دینار

دوو پرۆژەی ماستەر پلان لە دهۆک و ئاکرێ جێبەجێ دەکرێن 

توانا نەقی

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی تێچووی پێویست بۆ دوو پرۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ماستەرپلان لە سنووری پارێزگای دهۆك.

ئەمڕؤ وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، دروستكردنی دیواری پاڵپشتی لە گەڕەكی پیشەسازیی شاری دهۆك و هەروەها دوو گوژمەش بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی پلانی ماستەرپلان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆك.

دەشڵێت، ئەم پرۆژانە تێچووەکەی 44 ملیۆن و 893 هەزار دینارە لەسەر رێژەی 15%ـەی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك بۆ پرۆژەکان.

جگە لەو پرۆژانە، ئێستا ژمارەیەك پرۆژەی تری خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك لە قۆناغی تەواوكردندان و پرۆژەی دیكەش لە پلاندان.