باوکی پێشنوێژ و وتارخوێنە
کچێک ناتوانێ قسەبکات؛ بەڵام خۆشنووس و بەرگدروو و وێنەکێشە
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە964+
بینایی موعتەسەم، کچێکی خاوەنپێداویستی تایبەتە، ھەر لە زگماکەوە، توانای قسەکردنی نییە، بەڵام وەک منداڵێکی ئاسایی خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە، گەرچی باوکی پاشخانێکی ئاینی هەیە، بەڵام رێگر نەبووە لە بەردەم خەونەکەی تا پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی ھەڵەبجە بەشی شێوەکاری تەواو کردووە.
ئێستاش، سەرەڕای کێشانی وێنە، لە ماڵەوە سەرقاڵی کاری بەرگدورییە.
باوکی بینایی مامۆستای ئاینییە، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گوندی بامۆکە، بەڵام ناکۆک نەبووە لەگەڵ خەونی کچەکەی و ھاندەری سەرەکیشی بووە، زۆربەی رۆژەکان خۆی گەیاندوویەتیە بەردەم پەیمانگە، بەردەوام هاوشانی دایکی پاڵپشت و پشتیوانی کچەکەیان بوون.
بەھرەکانی بینای ھەر لە منداڵییەوە دەرکەوتوون، حەزێکی زۆری بۆ ھونەری شێوەکاری و وێنەکێشان ھەبووە، بۆیە دوای تەواوکردنی قۆناغی نۆی بنەڕەتی، بە پشتگیری خێزانەکەی دەچێتە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری، ساڵی 2016 بە پلەی بەرز بەشەکەی تەواو کردووە.
بینایی شێوەکارێکی لێھاتووە، وێنەی کەسوکار و مامۆستاکانی بە شێوازێکی ھونەری بەرز کێشاوە، ئەگەرچی بە وتەی باوکی کەمێک ساردبوونەوەی پێوە دیارە بەھۆی ئەوەی کە پشتگیرییەکی ئەوتۆ نەکراوە، لەو شوێنەی کە پێویستە ھونەرەکەی دەربخات و خزمەت بکات، بەڵام ھێشتاش گەشبینی بە چاوەکانییەوە دەبینرێت، و بە شەوق و زەوقەوە ئەرکەکانی لە بەگدروسی و وێنەکێشان ئەنجام دەدات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا