"دوای ماوەیەکی کەم"
بکوژی پیاوەکەی قەزای سێمێل خۆی رادەستی پۆلیس کرد
شۆڕش قادری
ئەو کەسەی لە قەزای سێمێل بە کڵاشینکۆف تەقەی لە کەسێکی تر کرد و کوشتی، خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 1.2.2025 لە سەنتەرى قەزاى سێمێل لە نزیک پارکى فرەشین، کەسێک بە کڵاشینکۆف دەسڕێژى گولـلەى لە کەسێکى دیکە کرد و کوشتی.
هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ـی وت، “رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی دوژمنداری بووە و ئەو کەسەی کوژراوە، تەمەنی 45 ساڵە”.
“دوای رووداوەکە دەستبەجێ ئەفسەر و پۆلیسی سێمێل چوونەتە شوێنی رووداوەکە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ بکوژ دەرکردووە”، هێمن سلێمان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ماوەیەکی کەم بکوژ کە خەڵکی سێمێلـە، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیسی باتێلێ کردووە و لەئێستادا بە مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراوە.