لە پێنجەم رۆژدان
“ئەگەر مانگرتووانی سلێمانی بەردەوام بن دەکەونە حاڵەتى کۆما و بێهۆشى”
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
پێنج رۆژە، 12 مامۆستا و فەرمانبەرى سلێمانى مانیان لە خواردن گرتووە و سات بە سات دۆخى تەندروستیان بەرەو ناجێگیرى دەڕوات، تیمەکانى تەندروستیش هۆشدارى دەدەن لەوەى ئەگەر بەردەوامبن بکەونە حاڵەتى کۆما و بێهۆشییەوە.
بەزۆریش بێت دەیانبەین بۆ نەخۆشخانە
سامان نادر، بەرپرسى فریاکەوتنى خێرایى سلێمانى لە ژێر خێوەتى مانگرتوان لە بارەى تەندروستیى مانگرتوانەوە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”زۆربەیان زەخت و شەکرەیان دابەزیوە و لێدانى دڵنیان خێرابووە، بەڵام تیمەکانى ئێمە بە بەردەوامى چاودێریان دەکەن و ئەوەى پێویست بێت بۆیان دەکەین”.
دەشڵێت: تائێستا دۆخى تەندروستیان نەچووەتە دۆخى مەترسییەوە، بەڵام لەمەودوا رەنگە بەرەو مەترسى بڕۆن.
لە کاتى چارەسەرى بۆ یەکێک لە مانگرتووان، کارمەندێکى تیمى تەندروستیى سلێمانى بە 964ـى وت، “ئەگەر بەم شێوازە بەردەوامبن مەترسى ئەوەیان لەسەرە بکەونە حاڵەتى بێهۆشى و کۆماوە”.
سامان نادر جەختى کردەوە، لە ژێر خێوەتەکە چارەسەرى پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەگەریش لە ژێر خێوەتەکە چارەسەر نەکرا،”لە پێناو تەندروستى ئەوان ئەگەر بەزۆریش بێت دەیانبەینە نەخۆشخانە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح