بەنیازە رێژەی سەوزایی قەزاکە زیاد بکات

شارەوانی قەزای ئاکرێ چەند گۆڕستانێک دادەخات

هیڤی دێوالی – دهۆک

شارەوانی ئاکرێ بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت و ئەوقافی قەزاکە بڕیاریاندا، ژمارەیەک گۆڕستانی قەزاکە دابخەن و گۆڕستانێکى نوێ دروست بکەن.

گۆڕستانەکانى ئاکرێ بوونەتە هۆى کەمبوونەوەى رووبەرى سەوزایى لە قەزاکە

بڵند رەزا، سەرۆکی شارەوانی قەزای ئاکرێ بە 964ـی وت،” هەفتەى داهاتوو لەگەڵ موختارى ئەو گەڕەکانەى کە گۆڕستانەکانیان دادەخرێت، قسە دەکەین و ئاگاداریان دەکەینەوە کە لەمەودوا مردوو لەم گۆڕستانانە نەنێژن”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، لەگەڵ موختارى حەوت گەڕەکى کۆنى شارەکە لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکەن تا ئەوانیش خەڵکى ئاگادار بکەنەوە کە چیتر مردوو لەو گۆڕستانانە نەنێژن.

هۆکارى داخستنى ژمارەیەک گۆڕستان لە ئاکرێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رێژەى سەوزایى لە سەنتەرى قەزاگە کەمە، بە وتەى سەرۆکى شارەوانیش یەکێک لە هۆکارەکان بوونى گۆڕستانەکانن.

پلانى شارەوانى ئاکرێ بۆ داخستنى ژمارەیەک گۆڕستان لە گۆڕستانى سەرى گرى دەستپێدەکات، وەک ئەوەى بڵند رەزا باسى دەکات، ئێستا سەرقاڵى دروستکردنی رێگەیەکن بۆ گردەکە و لەگەڵ هاتنی جەژنی نەورۆز، هیچ مردوویەک لەوێ نانێژرێت.

“لە قەزای ئاکرێ زیاتر لە 20 گۆڕستان هەن، لە هەندێک گەڕەکەکانیش لە ناو ماڵەکاندا گۆڕەپانەکانیان کردووە بە گۆڕستان” بلند رەزا وای وت.

هەروەک ئاشکراشى کرد، گۆڕستانێکى نوێ بە ناوى گۆڕستانى ئاکرێ، لەسەر رووبەرى 147 دۆنم زەوى دروست دەکەن و لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن مردوەکانیان لەوێ سپاردەى خاک بکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح