نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی
نەژاد عەبدوڵایە
بەڕێوەبەرێکى نوێ بۆ پەروەردەى سلێمانى دیاریکرا
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
دواى زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەى بەڕێوەبەرى پێشووى پەروەردەى سلێمانى، بەڕێوەبەرێکى نوێ بۆ ئەو پۆستە دیاریکرا و بڕیارە لە یەکشەممەوە بڕیارى بۆ دەربچێت.
رۆژى 19.8.2024، لەبەرامبەر پێدانى زەوییەکى 182 دۆنمى وەزارەتى پەروەردە بە وەبەرهێنەرێک، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەرى پێشووى پەروەردەى سلێمانى دەستیلەکارکێشایەوە و مامۆستا عومەر محەمەد جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى، ئەرکەکەى گرتە ئەستۆ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سلێمانی بە 964 وت،”بەهۆی خانەنشین بوونی مامۆستا عومەر محەمەد لە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بڕیاردراوە بە دانانی مامۆستا نەژاد عەبدوڵا بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی”.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسى دەکات، چاوەڕوان دەکرێت رۆژى یەکشەممەى داهاتوو، بڕیارى دەستبەکاربوونى نەژاد عەبدوڵا بۆ پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى دەربچێت.
لە کۆتا پەیامیدا و لە 19.8.2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى پێشووى پەروەردەى سلێمانى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندانى پەروەردە نوسی،”لەماوەی نۆ ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئێوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و لێپرسراوی هۆبەکان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندان بە ئاسوودەیی زۆر سوودمەند بووم بە پێشنیارو راو بۆچوونەکانتان، کە خۆشەویستیتان بووە بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن، هەرچەندە رووبەڕووی ئاڵنگاری سەخت بووینەتەوە بەڵام دواجار گەشبین بووین بۆ رۆژانی داهاتوو، هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا. هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح