دیمەنێک لە رووداوەکەی سەر رێگەی کەرکوک بۆ چەمچەماڵ _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە رێگەی کەرکوک بۆ چەمچەماڵ
دەعمی دوو سەیارە؛ حەوت کەسی یەک خێزانی بریندار کرد
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.1.2025 لە رووداویکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای کەرکوک بۆ چەمچەماڵ، حەوت کەس بریندار بوون کە سەرجەمیان سەرنشینی یەک ئۆتۆمبیل بوون.
شێرزاد محەمەد، ئەفسەر لە بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ی وت، رووداوەکە پێکدادان بووە، لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی مازدا و کیای بارهەڵگر، لە نزیک بانی مەقان، حەوت کەس کە باوک و دایکێک بوونە لەگەڵ پێنج منداڵدا برینداربوون.
تیمەکانی هاتوچۆ و پۆلیس چوونەتە سەر رووداوەکە، ئەو ئەفسەرە وتی، سەرجەم بریندارەکان برینی سووک بوون، بۆ پشکنینی دڵنیایی بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، کە سەرجەمیان سەرنشینی تۆتۆمبێلی مازداکە بوون.
هەروەها، شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بۆ 964 قسەی کرد و وتی، حەوت برینداری رووداوەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی قەزاکە، لە ئێستادا باری تەندروستیان جێگیرە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و زیاتر دڵنیابوون لەلای ئێمە دەمێننەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا