دوای 15 مانگ
کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گیرفانیان گەرم دەبێتەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
دوای 15 مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دواجار وەزارەتی دارایی عێراق، حەقدەستی 16 هەزار چاودێری سەر سندوقی دایە لقی کەرکوکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
عەلی عەباس بەرپرسی راگەیاندنی لقی کەرکوک کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە 964ـی وت، “دوای دوو مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەرجەم رێکارەکانمان تەواو کرد و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد، دوای 13 مانگ لە ئەنجامدانی ئەو کارە، دوێنێ سێشەممە 28.1.2025 بە نوسراوێک ئاگادار کراینەوە کە بڕی دوو ملیار و 265 ملیۆن دینار لە پارەی چاودێرانی سەر سندۆقەکان، خراوتەسەر هەژماری بانکیمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک بە یەدەگەوە، 16 هەزار کارمەندە و کەی لیستی ناوەکانیان بەدەست گەیشت، پارەکەیان بەسەردا دابەش دەکەن.
باسی لەوەشکرد، ئەوانەی فەرمانبەری حکومین بڕی 150 هەزار دینار و ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن، 250 هزار دینار وەردەگرن.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جیا لە هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 ئەنجامدرا، تائێستا چاودێرانی سەر سندوق حەقدەستی خۆیان وەرنەگرتووە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری