پێنج تەوربەدەست لە خەلەکان دەستگیر کران

بە بڕینی دارەکان رازی نەبوون؛ بن و ریشەشیان سووتاندن

شۆڕش قادری

سەرەڕای بێبارانی و وشکەساڵی، مرۆڤەکان خۆیان بوونەتە بەڵا بۆ گیانی ژینگە و درەختەکان، ئەوەتا لە خەلەکان چەند هەلپەرستێک، تەنها بۆ مەرامی شەخسی خۆیان و فراوانکردنی زەوییەکانیان، درەختەکان دەبڕنەوە و بەبڕینەوەشیان رازی نابن، بن و ریشەکانیان دەسووتێنن بۆ ئەوەی هەڵنەدەنەوە.

کۆمەڵێک دار بڕدراونەتەوە و پاشان بنی دارەکان سوتێنراون بەمەبەستی لەناو بردنیان و پاکردنەوەی زەویەکەیان

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خەلەکان بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی سنورەکەیان، دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک دار بڕدراونەتەوە و پاشان بنی دارەکان سوتێنراون بەمەبەستی لەناو بردنیان و پاکردنەوەی زەویەکەیان”.

“دوای بەدواداچوونی ورد، توانراوە پێنج هاوڵاتى بەتۆمەت و ئەنجامدەرى ئەو کارە دەستگیر بکرێن، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراوە”، هێمن کەمەرخان وای وت.

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەریش 964 لەسەر داوای چەند هاوڵاتییەک سۆراغێکی بۆ دارستانەکانى بنارى قەندیل کرد و دەرکەوت، لە سنوورى ناحیەى ژاراوە و لە گوندەکانى بەرد قەڵشیو و کوڵاو رەشان و پشتى کوزینە، ژمارەیەکى زۆر دار بڕدراونەتەوە.

لە بناری قەندیلیش داربڕەکان، بە بڕینى دارەکانەوە نەوەستابوونەوە، بۆ شاردنەوەى شوێنپەنجە بنی دارەکانیان سووتاندبوو، کە لەم حاڵەتەدا دارەکە جارێکى دیکە ناتوانێت سەرهەڵبداتەوە.