سبەی خواردن ده‌گاته‌ نەخۆشخانەی شەهید هەژار

+964
هونەر فارس- کەلار

دوای کەمتر لە هەفتەیەک لە مانگرتنی کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەهۆی نەبوونی دەرمان و دابیننەکردنی خواردنەوە، ئەمڕۆ گرفتەکەیان بۆ چارەسەرکرا و سبه‌ی نیوه‌ڕۆ خواردن ده‌گاته‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە قه‌زای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، خاوەنی نزیکەی 140 ملیۆن دیناره‌ به‌ شێوه‌ی چەک، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارەی نەختینەیی لە بانکدا چەکەکانیان بۆ نەکرابوو بە پارە، بەم هۆیەشەوە ئەو رێستۆرانتەی گرێبەستی لەگەڵ نەخۆشخانەکەدا هەیە، ماوەی چوار مانگە خواردنی لە کارمەندان بڕیوە و گرفتی نەبوونی دەرمانیش لە نەخۆشخانەکەدا دروست بووە.

بەهۆی ئەو گرفتانەوە، کارمەندانی نەخۆشخانەکە لە چەند رۆژی رابردوودا نیوەمانگرتنیان راگەیاند و بڕیاریان دا جگە لە حاڵەتی مەترسیدار، هیچ نەخۆشێک نەبینن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ گرفتەکە چارەسەر کراوە.

ڕزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە تۆڕی964ی راگەیاند، لە سبەیه‌وە خواردن دەگاتە کارمەند و پزیشکانی نەخۆشخانەکە و بە پارەی ئەو چەکانەش کە مانگانە بۆیان دەکەن بە پارە، دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە دەکڕن، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌رمانیش ده‌ده‌ن.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار له‌ كه‌لار، نەخۆشخانەیەکی حکومییە، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و لێقەوماوان و ئەو رووداوە نەخوازراوانەی له‌وێدا رووده‌ده‌ن، سوود له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ وه‌رده‌گرن.