"به ره‌حم و به‌زه‌یی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین"
له كۆیه مامۆستایەکی ئایینی سه‌رپه‌رشتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە ده‌كات
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ماوەی دوو رۆژە له سه‌نته‌رى قەزای کۆیە، پڕۆژه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى سه‌گى بێلانه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تیمێكی خۆبه‌خشن و مامۆستایه‌كى ئایینیش سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات.
كاره‌كانى ئه‌م تیمه بە هاوکاری قایمقامیەتی کۆیە و زانکۆی ئه‌م قه‌زایه و چەند خێرخوازێک به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ش ده‌ڵێت، له‌كاتى كۆكردنه‌وه‌ى سه‌گه‌كان به ره‌حم و به‌زه‌یی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ئازار نادرێن.
بۆ گرتنی هه‌ر سەگێك بڕی پێنج هەزار دینار به‌و كه‌سه ده‌درێت كه سه‌گه‌كه ده‌گرێت و له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردووش‌دا زیاتر لە 120 سەگیان کۆکردووەتەوە و ره‌وانه‌ى شه‌ڵته‌ره‌كه‌ى هه‌ولێریان كردوون.
هاشم عەبدوڵڵا، ئەو مامۆستا ئایینییەی سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکات، بە 964ـی وت، بە پێی ئایەتی قورئان هەموو گیانلەبەرێک هەست و مافی ژیانیان هەیە، بۆیە لەو سۆنگەیەوە ئێمە کۆیاندەکەینەوە و دەیانبەینە شوێنێکی گونجاوتر بۆئه‌وه‌ى لەوێ ژیان بەسەربەرن و بمێننەوە.
وتیشی “ئەو تیمەی کارى كۆكردنه‌وه‌یان ده‌كات دوور لە توندوتیژی سه‌گه‌كان دەگرن و کۆیاندەکەنەوە”.
ئەو تیمەی سەگە بێلانەکان کۆدەکەنەوە پێکدێن لە پێنج کەس، کەلوپەل و جلوبەرگی تایبەتیان لەبەرە، کۆڵان و گەڕەکەکانی کۆیە دەگەڕێن و هەر سەگێک ببینن، دەیگرن و دەیبەنە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن