له‌مه‌ودوا رێكخراوێكى ژینگه‌یی سكاڵا تۆمار ده‌كات
ئاگاداربە ؛ بە شەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکان سزاى یاساییان له‌سه‌ره
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به پێی یاسا به‌ركاره‌كانى هه‌رێمی كوردستان بە شەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکان له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، سزاى یاساییان له‌سه‌ره و سزاى پێبژاردنیش بۆ هه‌ر كه‌سێك ئه‌وكاره بكات تاوه‌كو یه‌ك ملیۆن دینار دیاریكراوه.
لە هه‌رێمى کوردستان یاسایەکی تایبەت بەناوى یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان هه‌یه، یاساكه ژمارە (14)ـى ساڵی 2022، کە لە 24 مادە پێکهاتووە، واژۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش له‌سه‌ره‌و لە رۆژنامه‌ى وەقایعی کوردستان لە رۆژى 5.2.2023 بڵاوكراوه‌تەوە.
هه‌روه‌ك لە کۆتایی یاساکەدا ئاماژەی پێکراوە، هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن لە پێناو پاراستنی ئاژەڵان و رێکخستنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا و بۆ رێکخستنی ئەو بوارانەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمدا رێکنەخراون و بۆ چەسپاندنی کلتوری ئاژەڵدۆستی، ئەم یاسایە دەرچوێندراوه.
مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئاینده بۆ پاراستنى ژینگه ورده‌كارى ئه‌م یاسایه بۆ 964 ئاشكرا ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت كه له‌مه‌ودوا هه‌ر حاڵه‌تێكى به‌شه‌ڕدانى ئاژه‌ڵ یاخود باڵنده له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه ببینن، سكاڵاى یاسایی تۆمار ده‌كه‌ن.
ساڵانه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئه‌م به‌شه‌ڕدانه ده‌بیندرێت، به‌قسه‌ى سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه‌ش، ئه‌مه دیاردەیەکی نامۆیه بە کۆمەڵگەی کوردەواری و بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاسای رێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان ئەنجام دەدرێت.
له ماددەی حه‌وتى ئه‌م یاسایە بە چەند خاڵێک باس لە ئازاردانی ئاژەڵ و باڵندەکان دەکات و به‌یاساش قەدەغەی كردوون
یه‌كه‌م: ئەنجامدانی هەر رەفتارێکی بە ئەنقەست کە ببێتە هۆی ئه‌شكەنجەدانی ئاژەڵ یان زیان پێگەیاندنی.
دووه‌م: سازدانی شەڕ لە نێوان ئاژەڵێک و ئاژەڵێکی دیکە یان پەلەوەر و پەلەوەرێکی دیکە، بە شێوەیەک ببێتە مایەی زیان پێگەیاندن یان کوشتنی یەکێکیان.
سێیه‌م: بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە کردارەکانی هاتوو لەم بڕگەیەدا لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
مه‌عروف مه‌جید ده‌ڵێت “به‌پێی ئه‌م یاسایه هەر کەسێک یەکێک لەو کردارانە دەرهەق بە ئاژەڵی ماڵی یان ئاژەڵی بێلانە ئەنجام بدات، بە پێبژاردنێک کە لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت”.
باس له مادده‌ی 17ـی ئەم یاسایەش ده‌كات كه مافی سکاڵا تۆمارکردنی داوە بە چەند لایەنێکی تایبەتمەند کە دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەو کەس و دەزگا راگەیاندنانە تۆمار بکەن کە ئەو سەرپێچییانە ئەنجام دەدەن.
“کۆمەڵە و رێکخراوە تایبەتمەندەکانی پاراستنی ئاژەڵان و چالاکوانانی بواری ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزى دەتوانن دەربارەی هەر سەرپێچییەک لە حوکمەکانی ئەم یاسایە، سکاڵا تۆمار بکەن” ئه‌وه له‌یاساكه‌دا هاتووه.
سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه ژینگه‌یه دووپاتى ده‌كاته‌وه كه بە مافی خۆیان دەزانن لە ئێستا بە دواوە، وەکو رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە رێگەی پارێزەر و بەشی یاساییانەوە، سكاڵا له‌سه‌ر هەر کەس و دەزگایەکی راگەیاندن تۆمار بكه‌ن كه ئەم کارانە ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى سزا بدرێن.