ئۆتۆمبێلە بێ ژمارەکانی سلێمانی بێ چارەسەر دەسوڕێنەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا -سلێمانی
ژمارەیەکی بەرچاو لە ئۆتۆمبێلی لێدراو لە سلێمانی هەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانییەوە ژمارەیان پێنادرێت، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە بە دوو هەزار دۆلار کەمتر لە بازاڕ دەفرۆشرێن.
بە گوێرەی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، هەر ئۆتۆمبێلێک شانسیەکەی تەقیوو، یان لەحیم، یان سووتا بێت، ژمارەی پێنادرێت.
شانسی ژمارەی لاشەی ئۆتۆمبێلە، بە جۆرێک شانسی لاشەی هیچ ئۆتۆمبێڵێک لەوانی دیكه ناچێت.
گەرمیان عەلی، خاوەنی پێشانگهی ئۆتۆمبێلە، بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد، “ئەو ئۆتۆمبێلانە لە دەروازەکانەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، دوای چەند مانگێک کە ژمارەیان پێنادرێت، دەبێتە کێشە لە نێوان کڕیار و فرۆشیار، تا ئێستا چەندان کێشەی کۆمەڵایەتی روویداوە، بە تەنیا لە پێشانگهکەی ئێمە 20 ئۆتۆمبێڵمان لایە هەمان کێشەیان هەیە”.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، ئەو ئۆتۆمبێلانە تەنیا بە کۆپی مانەفێست دەتوانن بسوڕێنەوە.
سەفین قادر، سەرۆکی لیژنەی ئۆتۆمبێلی لێدراو لە ھاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بڕیارێک هەبوو بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لێدراویان ھەیە، ژمارەیان پێدەدرێت، مۆڵەتەکە تا 4ی تەمموزی ساڵی رابردوو بوو، لەو رێکەوتەوە ئەو بڕیارە وەستاوه.
سەفین ئەوەش دەڵێت، “هۆکاری زۆری ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە ئەوەیە لە دەروازەکان بە باشی پشکنینیان بۆ ناکرێت”.
کارزان فەتاح، خاوەنی ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کامریە و کێشەی نەبەستنی ژمارەی هەیە، ئهو بۆ تۆڕی 964 دەڵێت، “کاتێک چووەمە ھاتوچۆی سلێمانی دوای پشکنین پێیان وتم ناتوانی ژمارە ببەستی، چونکە لەحیم بە شوێنی شانسیەکەیەوە، لە بازاڕ دوو هەزار و 300 دۆلار زەرەرم پێشان دەدەن”.
بەپێی سۆراغی تۆڕی 964 ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرفتی ژمارە نەبەستنیان هەیە، زۆربەیان لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و کەنەداوە دێن بۆ کوردستان، لە بازاڕی کڕین و فرۆشتن لە رووی نرخەوە، تا دوو هەزار دۆلار کەمتر دەکات.