دەرکەوتنی چەند سەر ئاژەڵێک - وێنە: 964
حەوت رۆژ ماوە درا پێیان
زەویی شارەوانیی شارەزوور سیاج کراوە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانیی شارەزوور حەوت رۆژ ماوە دەدات بەو خاوەن ئاژەڵانەی، کە لەسەر زەوی ئەو دامەزراوەیە سیاجیان داناوە و شوێنیان بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر دروست کردووە.
شارەوانیی قەزاکە نیەتی وایە، لەو ماوەیەدا ئەو هاوڵاتییانە پابەندبن و سیاجەکان هەڵبگرن، ئەگینا بەپێی یاسای لابردنی زیادەڕەوی رێکاریان لە بەرانبەر دەگرێتەبەر.
لە ئاگادارییەکدا، کە 964 بینیوویەتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەزوور دەڵێ، سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەی کە سیاج و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەریان لەسەر زەوییە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی دروست کردووە لە ماوەی حەوت رۆژدا لە رۆژی بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییەوە سەرجەم سیاج و ئەو شوێنانە لابەرن.
شارەوانی لە بارەی ئەگەری رێکار لە دژی ئەو هاوڵاتییانە باسی لەوە کردووە، بە پێچەوانەوە بەپێی ئەحکامەکانی یاسای ژمارە (3ی ساڵی 2018) و یاسای لابردنی زیادەڕەوی رێکاری یاسای توند دەگیرێتە بەر.
ئامانج لەو یاسایە، پارێزگاریکردنە لەو زەوی و موڵکانەی کە بە ناوی دەوڵەتەوەن، لە قورسترین رێکاری یاساکەشدا هاتووە، لە نێوان سێ ملیۆن دینار بۆ 15 ملیۆن دینار وەک پێبژاردنی یاسایی چەسپێندراوە، هەروەها حکومی یەک ساڵ زیندانیکردنی تێدایە.