سێشەممەیان وەک وادە دیاری کردووە

“نزیکەی 100 مامۆستا و فەرمانبەر مان لە خواردن و خواردنەوە دەگرن”

964+
ئەحمەد مستەفا

لە پاش بایکۆتەکە، مامۆستایانی ناڕازی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە و بڕیاریان وایە، نزیکەی 100 کەس لە مامۆستا و فەرمانبەر، مان لە خواردن و خواردنەوە بگرن.

ئەو رێکارە بۆ ئەوەیە، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە بارەی تەوتینی موچەی فەرمانبەران لە بانکە عێراقییەکان جێبەجێ بکرێ.

ئەمڕۆ شەممە 25.1.2025، دڵشاد میرانی لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بۆ خۆپیشاندانەکەی سێشەممە، جگە لە بەشداری مامۆستا و فەرمانبەران، لە کەرتی پەروەردە، تەندروستی و کەرتەکانی دیکە، ژمارەیەک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری کونسوڵخانەکان میوانداری دەکرێن، تا لە نزیکەوە مانگرتنی کەسەکان ببینن.

ئەمڕۆ شەممە بایکۆتەکە راگەیەندرا، بەڵام سێشەممە خۆپیشاندانەکەیە، دڵشاد میرانی وتی، بۆ ئەوە ماوەیەکمان داناوە تا لەگەڵ سەرجەم شار و شارۆچکەکان گفتوگۆ بکەین و پێکەوە بەیەک هەڵوێست دەربارەی داواکاری تەوتینی موچە و پێدانی لە کاتی خۆیدا، خۆپیشاندان دەستپێ بکەین.

پلانەکە وایە، دوای خۆپیشاندانی سەرجەم ناوچەکان لە بەیانی رۆژی سێشەممە، دواتر مانگرتن لە خواردن و خواردنەوەی مامۆستا و فەرمانبەرەکان دەستپێ بکات.

دەقی راگەیەندراوی ئەمڕۆ بایکۆتی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕاگەیاندراوێک لەدەستەی داکۆکی لەمامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە

بۆ / سەرجەم کوتلە پەرلەمانیەکانی عێراق
کەسوکاری قوتابیان
مامۆستایان وفەرمانبەران
سەردەمی دەوامکردنی بێ موچە کۆتایهات

لەسۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی پەروەردەیی و ئەرکی سەرشانمان بەرامبەر ڕۆڵەکانمان وڕەچاوکردنی بەرژەوەندی قوتابیان، وەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو تاقیکردنەوەکانمان ئەنجامدا و ویژدانی خۆمان ئاسودەکرد .، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ستەمکار و کلکە بۆگەنەکانی ، هەر ڕۆژە و بەسیناریۆیەک دەیانەوێت مافەکانمان لەبیربەرنەوە و کەس ناڕەزایی دەرنەبڕێت ، هەتا لە دەرەوە بڵێن وڵاتمان بێ کێشەیە و دەسەڵاتمان بێ عەیب ولەکەیە .

دەستەی داکۆکی لەم چەند خاڵەدا هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت :

* یەکەم ، دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی ساڵی پار و موچەی مانگی ١ی ئەمساڵ ،پێش کۆتایی ئەم مانگە ، لە سبەی یەکشەممەوە بایکۆتی دەوام دەستپێدەکەین لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا .

* دووەم ، وازهێنان لەلاساری و هەڕەشەکردن لەبەغدا ، دەستبەجێ ناردنی داتای ڕاست ودروست بۆ تەوطینکردنی موچە لەسەر بانکە فیدڕاڵیەکان ، ئەگەر هەولێر نایکات وڕێگرە پێویستە سلێمانی ئەوکارەبکات و تەوطینی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بکات لەبانکە فیدڕاڵیەکان .

* سێهەم ، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی ،ئەوستەمکاریەی ١٠ساڵە بەبڕیارێکی نایاسایی سەرۆکی حکومەت بەردەوامە.

* چوارەم ، پێویستە پێش خانەنشینکردنی هەرماموستا و فەرمانبەرێک ،سەرجەم پلە بەرزکردنەوە و شایستە داراییەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە ئەودەم خانەنشین بکرێن ، هەر دەستکاریکردنێکی یاسا وتەعدیلی خانەنشینی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە نایاساییە .

* پێنجەم ، دەستپێکردنی وەرزی دووەمی خوێندن بەندە بە ڕێککردنەوەی وادەی دابەشکردنی موجە ونەفەوتانی هیج موچە ومافێک و زوو جێبەجێکردنی تەوطین .

* شەشەم ،حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی لەسەرشانە وناکرێ پارە بنێرێت و بەرپرسیاریەتی نەدانی موچە هەڵنەگرێت ،ئەگەر پارەی بۆ موچە ناردوە، ناکرێت لە دزین ودیارنەمانی یەک تریلیۆن دیناری مانگی ١٢ بێدەنگ بێت ئەگەرناردویەتی .

*حەوتەم ، کۆتایی هێنان بەئەمساڵی خوێندن لەئەستۆی حکومەتە بێ متمانە وگیرفانبڕەکەی هەرێم و پەرلەمانتارە بێدەنگەکانی کوردە لەبەغدا .

لەکۆتاییدا داواکارین لە سەرجەم مامۆستایان وفەرمانبەران ، پابەندی دەوامکردنی بێ موچە نەبن و گوێ نەدەن بەهەڕەشەی ئەوانەی لەدەستور ویاسای عێراق یاخی بوون.

دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی
شەممە ٢٠٢٥/١/۲٥