پسپۆڕێکی جیۆلۆجی: هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

بە گوتەی پسپۆڕێکی جیۆلۆجی، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزە، چونکە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەردوو پلێتی عەرەبی و زاگرۆسی -فارسییە، ئەو پسپۆڕە پێشبینی روودانی بوومەلەرزەی دیكه‌ بۆ رۆژانی داهاتوو دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شوبات، بەدیاریکراوی کاتژمێر 4:17 خولەک، بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەریەکە لە تورکیا و سووریای هەژاند.

سیروان ساڵح، پسپۆڕی جیۆلۆجییە و نیشتەجێی شارۆچکەی کەلارە، بە تۆڕی 964ی وت “هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزەی نێوان پلێتی عەرەبی و پلێتی زاگرۆسی – فارسی لە کوردستان، لە پێنجوێنەوە سنووری نێوان هەردوو پلێت دەستپێدەکات”.

بە وتەی سیروان، ئەو هێڵە لە پێنجوێن بەرەو باشوور دێت بۆ هەڵەبجە و دەربەندیخان، لەوێوە بەرەو رۆژهەڵاتی گەرمیان دێت، بە زنجیرە چیای داڵاهۆ تێدەپەڕێت بەرەو باشوور تا دەگاتە مەندەلین دواتر بەرەو سنووری عێراق و ئێران درێژ دەبێتەوە بەرەو وڵاتانی کەنداو.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی زانستی جیۆلۆجی، زۆربەی ئەو بوومەلەرزانەی لە هەرێمی کوردستان روودەدەن، جۆری لێکخشانی پلێتییە، واتا کاتێک بوومەلەرزە روودەدات ئەگەری روودانەوەی دوای چەند کاتژمێرێک یان دوای چەند رۆژێک هەیە.

سیروان ئەوەش دەڵێت “چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لە نێوان یەمەن و ئه‌ریتیریا بوومەلەرزەیەک بە پلەی 4.7 روویدا، ئەو دوو وڵاتە دەکەونە رۆژئاوای سنووری پلێتی عەرەبی، جوڵەی سەرووی چوار دەبێتە هۆی جوڵاندنی پلێتەکە، هەرکاتێک ئەو پلێتە جوڵابێ بوومەلەرزە روویداوە، ئەگەر پلەکەشی کەم بێت، چەند رۆژێک پێش ئێستاش پێشبینی ئەوەم کرد لەو ناوچەیەدا رووبدات، بە تایبەت لە خوێی و قەسری شیرین”.

هەفتەی رابردوو، بوومەلەرزەیەک بە پلەی 5.9 شاری خوێی سه‌ر به‌ ئورمییەی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هەژاند، بە وتەی سیروان ئەم بوومەلەرزەیەی ئەمڕۆ درێژکراوەی هەمان بوومەلەرزە بوو.

بە گوێرەی دەزگه‌ی بوومەلەرزەزانی جیهانی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا کاتژمێر 6ی ئێوارە زیاتر لە 300 بومەلەرزە لە هەریەکە لە وڵاتەکانی تورکیا و سووریا روویداوە.

بەپێی زانستی جیۆلۆجی، ناتوانرێت پێشبینی پلەی بوومەلەرزەکە و کاتەکەی بکرێت.

لەبارەی ئەوەی گوایە ئەو پلەیەی لە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە دێت لاوازترە، سیروان دەڵێت “بەهیچ جۆرێک وانییە، لە ژاپۆن، ئیندۆنیزیا و مەکسیک کاتێک بوومەلەرزەی بەهێز روویداوە، دوای ئەوە پلەی بەرزتر تۆمارکراوە، ئەو پلەیەی ئەمڕۆ نیوه‌ڕۆ تۆمارکرا، هەمان پلەی بەرەبەیان بوو”.

نوێترین ئاماری بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی باكووری كوردستان و توركیا، هه‌روه‌ها رۆژئاوای كوردستان و سووریا، 651 کەس له‌ توركیا گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 11 هەزار و 119 کەسیش بریندارن.

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی بی بی سی، به‌ كۆی گشتی تا ئێستا زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س له‌ توركیا و سووریا گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.