ترسیان لە ئەزموونى ساڵى پارە
شێروانە یانەیەک هاوشانى قەڵاکەیەتى
964+
میلاد جەلال
یاریزانانى یانەى شێروانە، لە کەشوهەوایەکى ساردى گەرمیاندا بە گەرمى راهێنان دەکەن و چاویان لەوەیە نازناوى خولى نایابى کوردستان ببەنەوە بۆ کەلار و نایانەوێت ئەزموونى ساڵى پار دووبارە بکەنەوە.
ساڵى پار نازناوەى خولى نایابى کوردستان لە مشتیان بوو، بەڵام لە کۆتاییەکانى خولەکە مێزەکە بەسەریاندا قوڵپ بووەوە و لەدەستیان دا، ئەم ئەزموونە تاڵە بووە بە وانەیەک بۆیان و ئەمساڵ قۆناغى یەکەمى خولەکەیان بە یەکەمى تێپەڕاند و دەیانەوێت بەو شێوەیە بەردەوامبن و نازناوەکە ببەنەوە بۆ قەڵاى شێروانە.
عادل عەلى راهێنەرى کوڕانى شێروانە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” یاریزانان بە جۆش و خرۆشەوە راھێنانەکانیان ئەنجام دەدەن، دەیانەوێت بۆ ئەمساڵ خەونى 32 ساڵەى هاندەرانیان بکەن بەراستى و نازناوەکە بگەڕێننەوە بۆ گەرمیان”.
یاریزانانى یانەکە وێڕاى گلەییان لە بەرپرسان و خواپێداوانى گەرمیان کە بە تەنگیانەوە نایەن، بەڵێنیش دەدەن لەو ئاستە بەرزەیان بەردەوامبن و قۆناغى دووەمیش بە باشترین شێوە کۆتایى پێبهێنن و نازناوەکە ببنەوە.
لەگەڵ گەرموگوڕى مەشق و یارییەکانى کوڕانى شێروانە، هاندەرانیش سەرسەختانە پاڵپشتى لە یانەکەیان دەکەن و وزە و هێزیان پێدەبەخشن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح