نرخەکان بەهۆی کەم بارانییەوە زیادییان کردووە
نرخی ئالیکی ئاژەڵ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
ئالیکی ئاژەڵ لە سۆران نرخەکەی زیادی کردووە، جۆ و گەنم و ئارد رۆژ بە رۆژ نرخەکەیان بەرزتر دەبێتەوە و فرۆشیارێکیش دەڵێت، هۆکارەکەی کەم بارانییە.
لە سەرەتای وەرزی پایزەوە تا ئێستا نرخی یەک تۆن گەنم و جۆ نزیک 200 هەزار دینار بەرز بووەتەوە و هەر فەردەیەک ئاردیش پێنج هەزار دیناری چووەتە سەر.
ئیبراهیم حوسێن، فرۆشیارێکی ئالیکی ئاژەڵانە لە سۆران، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، ”لە ساڵی 2013ـەوە فرۆشیاری ئالیکی ئاژەڵم، یەکەم ساڵە نرخی گەنم و جۆ بەم شێوەیە بەرز بێتەوە، شەش ساڵ پێش ئێستا لە وەرزی زستان نرخی تۆنێک گەنم و جۆ 270 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ گەیشتووەتە 600 هەزار دینار”.
وتیشی، هۆکاری گران بوونی ئالیک وشکە ساڵی و کەم بارانییە، ئەگەر لەم ماوەیە بارانێکی باش ببارێت ئەوە نرخەکەی دادەبەزێتەوە.
گەنم و جۆ و ئارد، یەکێکن لە خۆراکە سەرەکیەکانی ئاژەڵ، هەرچی عەلەفی ئاژەڵانیشە هەر لەم مادە خۆراکیانە دروست دەکرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر