شارەوانى بڕیاریدا

لە چەند گەڕەک و ناوچەیەکى سلێمانى مۆڵەتى بە دروستکردنى خانووى دابەش دوو دەدرێت

964+

وریا فەتاح

شارەوانى سلێمانى رایدەگەیەنێت، لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ دەستنیشانکردنى ئەو ناوچانەى کە رێگەیان پێدەدرێت بە دروستکردنى خانووى دابەش دوو.

زەوی دابەش دوو واتە هەرکەسێک زەویەکەی بیەوێت بیکات بە دوو پارچە و پاشان خانووی لەسەر دروست بکرێت، ئەمە پێشتر رێگەیپێنەدەدرا، بەڵام ناوەڕاستى ساڵى 2024، وەزارەتى شارەوانى بە کۆمەڵێک مەرج رێگەیدا بە دروستکردنى خانوو لەسەر هەرزەوییەک کە دابەشی دوو بکرێت.

وەک ئەوەى شارەوانى سلێمانى بڵاوى کردووەتەوە،”بەپێی رێنمایی وەزارەتی شارەوانی، داوا لە شارەوانیمان کراوە کە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کە پێویستیان بەم جۆرە مۆڵەتەیە، بۆیە شارەوانیمان بەپێی فەرمانی کارگێڕی لیژنەیەکی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنا و دواتر ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی لە 22.1.2025، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆنووسی لیژنەکە و چەند ناوچەیەک دیاریکران بۆ پێدانی مۆڵەتی دابەش دووی نیشتەجێ بەو مەرجانەی کە لە رێنماییەکەی وەزارەتى شارەوانیدا هاتوون.

شارەوانى سلێمانى ئەو ناوچە و گەڕەکانەى سلێمانى دەستنیشانکردووە کە رێگەدەدات بە دروستکردنمى خانووى دالەش دوو:

یەکەم: سنووری ناوەندی سلێمانی:

جیاکراوەکانی کەرتی (٨ آبلاخ) و (دێی آبلاخ) و (٣ بۆگەنە) و (٤ ولوبە) و (١ملکندی و دباشان) و (گەڕەکەکانی سلێمانیی کۆن).

دووەم: سنووری شارەوانیی رۆژئاوا:

جیاکراوەکانی (٠/٢١٢) لە کەرتی (٨ آبلاخ).

ج) سنووری شارەوانیی رۆژهەڵات:

جیاکراوەکانی کەرتی (٢ قرکە) و (٣ هومرەکویر) و (٤ زیرینوک) و (٤ ولوبە).

سێیەم: سنووری شارەوانیی بەکرەجۆ:

جیاکراوەکانی (٠/١) کەرتی (١١ بکرەجو) بە پێوانەی (١٢*١٧,٥)م٢.

چوارەم: سنووری شارەوانیی راپەڕین:

جیاکراوەکانی (٠/٤٩) و (٠/٢٨) کەرتی (٢٠ باوەمردە).

پێنجەم: سنووری شارەوانیی تاسڵوجە:

جیاکراوەکانی (٠/٧) و (٠/٣١) و (٠/٤٣) و (٠/٣) و (٠/٢٦) کەرتی (١٥ کەندەکەوە)، جیاکراوەکانی (٠/٥) کەرتی (٤٩ چەقژ)، جیاکراوەکانی (٠/٨) کەرتی (١٦ کەڵەوانان).

مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی خانووی دابەش دوو:

1. شوێنەکە نەخشەی کەرتیی پەسەندکراوی هەبێت و پارچە زەوییەکان وێنە تۆماری سەربەخۆی نوێیان هەبێت.

2. ئەو زەوییەی کە دابەش دەکرێت رووبەرەکەی لە (200م٢) کەمتر نەبێت و پێش 2.6.2024 تاپۆکرابێت بەناوی دوو هاوڵاتی یان زیاترەوە و هەر خانوویەک بۆ یەک خێزان بەکاربهێندرێت و هەروەها قادرمەی دەرەوەی نەبێت، بەڵام ئەگەر رووبەرەکەی (300م٢) یان زیاتربوو ئەوا زیاد لەو مەرجانە نابێت لە دوو خانوو زیاتری لەسەر بکرێت.

3. ئەگەر زەوییەک پێشتر کرابێت بە دوو خانوو یان زیاتر ئەوا مۆڵەتی دابەش دوویان پێ بدرێت بەمەرجێک رووبەری هەر خانوویەک لە (100م٢) کەمتر نەبێ و رووکارەکەی لە پێنج مەتر کەمتر نەبێ و شۆستە و شەقام بەکارنەهێنن.

4. پانیی شەقامی پێش زەوییەکە گونجاو بێت یان لە 10 مەتر کەمتر نەبێت.

5. نابێت رووکاری هەر خانوویەک لە پێنج مەتر کەمتر بێت و ناشبێت پاش دابەشکردن رووبەرەکەی لە (100م٢) کەمتر بێت.

6. نابێت رێژەی بینا لە (70%)ـی رووبەری زەوییەکە زیاتر بێت و شۆستەی دەرەوە بۆ قادرمە و رامپە بەکارنەهێندرێت.

7. پێویستە هاوپشک لەناو سنووری خانووەکەدا رووبەری تایبەت بە شوێنی وەستاندنی ئوتۆمبێل دابین بکات و ئەو رووبەرەی تریش کە دەمێنێتەوە بکرێتە سەوزایی و لانی کەم دوو درەختی تەمەن (2 بۆ 3 ساڵ) تیا بچێندرێت.

8. هاوڵاتی یەکجار سوود وەردەگرێت لە دابەشکردنی زەوییەکەی بۆ دوو بەش یان زیاتر بەشێوەی پشک و کردنی بە خانوو.

9. پێویستە بەڵێننامە لە هاوپشک وەربگیردرێت کە خانووەکە بۆ نیشتەجێبوونی خۆی یان کەسانی پلەیەک تا پلەسێی ئەندامانی خێزانەکەی بەکاربهێنێت و هەروەها بۆ ماوەی پێنج ساڵ کڕین و فرۆشتنی پێوە نەکات و ئەمەش بە نوسراو رەوانەی فەرمانگەی تاپۆ بکرێت تاکو وەک رێگرێکی یاسایى بخرێتە سەر پشکی هاوپشکەکە.

شارەوانى سلێمانى جەختى کردووەتەوە کە هیچ کەسێک دواى 2.6.2024 زەوییەکەی لە یەک پشکەوە نەکات بە دوو پشک و زیاتر بەهیوای ئەوەی دواتر مۆڵەتی دابەش دووی پێ بدرێت، چونکە هەر زەوییەک پاش ئەو رێکەوتە لە پشکێکەوە بکرێت بە دوو پشک و زیاتر ئەوا پێویستە بە هەموو پشکەکان یەک خانووی تیا دروست بکەن.

لە بارەی دروستكردنی خانوو بە شێوەی

لە بارەی دروستكردنی خانوو بە شێوەی "دابەش دوو" دیراسەی زیاتر دەكرێت