سێیهم ساڵه ئهوكاره دهكهن
بەرگری شارستانی سۆران هەر ئاگرى دارستانهكان ناكوژێنێتهوه بهڕووش دهچێنێت
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ئەمڕۆ پیاوانی بەرگری شارستانی سۆران کەوتنە خۆیان و گورجوگۆڵ بە شاخی گەلی عەلی بەگ سەرکەوتن و نزیکەی پێنج هەزار بەڕوویان لە شاخەکە چاند و بەڕێوەبەرهكهشیان دهڵێت، هۆکاری هەڵبژاردنی بەڕوو ئەوەیە دارێکی خۆڕاگرە و پێویستیشی بە چاودێری کردنی زۆر نیە
ئەو شوێنەی بەڕووەکانیان لێ چاند، مەڕوماڵات ناچێت بهلایهوه، کە ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ پاراستنی بەڕووەکان و لە ناونەچونیان.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بۆ 964 قسە دەکات و دەڵێت، سێیەم ساڵە ئەو کارە دەکەن و هەر ساڵی پێنج هەزار بەڕوویان چاندووە.
وتیشی “ئەمساڵ بە 13 تیم بەشداری ئەو چالاکیەمان كردووه و مەبەستمانە جگە لە پارێزگاریکردن لە سروشت کە ساڵانە لە ناوچەکە رووداوی ئاگرمان هەیە، دەمانەوێت هاوکاریش بین لە سەوزکردنی ژینگە”.
باس لەوەش دەکات، هەرچەندە ناوچەکە کێشەی پیسبوونی هەوای نیە بەڵام لە شارەکانی تر هەوا روو لە پیسیە و ئۆکسجین کەم دەبێتەوە، ئەوان دەیانەوێت ئەمە ببێتە نەریتێک بۆ هاوڵاتیانیش کە ساڵانە نەمام بچێنن و ژینگە سەوز بکەن.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن