خەسرەو جاف وادەڵێت
“لەوانەیە رۆژێک بەسەر نوسینی کتێبێکەوە بمرم”
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
نووسەر و تەلارسازی ناسراو خەسرەو جاف دوای 65 ساڵ دووری و جێهێشتنی زێدی خۆی، لەلایەن زانکۆی گەرمیانەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا.
خەسرەو جاف تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەچێت و نزیک دەبێتەوە لە 81 ساڵ، پەیامنێری 964 لە دۆخی تەندروستی پرسی، بە پێکەنینەوە وتی،”وەزعم تا بڵێی قۆڕە، تەمەنم بەرەو ھەڵکشان دەچێت و ھەر رۆژە و بەشێکی جەستەم لێدەبێتەوە و جەستەم بە قسەم ناکات”.
جگە لە نوسین خەسرەو جاف سەرقاڵی دروستکردنی پەیکەری قوفڵێکە لە ئاسن، کە بەرزیەکەی حەوت مەترە و پانیەکەشی سێ مەترە و دەشڵێت، ئەگەر رێگەم بدرێت لەھەر شارێک بێت دایدەنێم، ئەگەریش قبوڵ نەکرێت دەیبەمە سەر لوتکەی یەکێک لە شاخەکانی کوردستان دایدەنێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆڵینەداوە لە نوسین بەردەوامە، تا ئەوکاتەی ھێزی هەبێت ھەر دەنووسێت و وتیشی، “لەوانەی رۆژێک بەسەر نوسینی کتێبێکەوە گیانم دەربێت، ئەوەش شانازیە بۆمن”.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح