دیمەنی خانووە کەلەپوریەکەی حەسەنە فەنی لە کفری دوای نۆژەنکردنەوەی.وێنە.شوێنەواری گەرمیان
لەسەر ئەرکی خانەوادەکەی
ماڵە کولتوورییەکەی حەسەنە فەنی لە کفری نۆژەن کرایەوە
964+
توانا نەقی
خانووە کولتوورییەکەی حەسەنە فەنی لە کفری لەسەر ئەرکی خانەوادەکەی لەسەر شێوازە کۆنەکەی و بە جوانترین شێوە نۆژەن کرایەوە، ئەمە هەروا نەبووە و بە سەرپەرشتی شوێنەواری گەرمیانیش کراوە.
ئەمڕۆ لیژنەیەک لە شوێنەوارەوە چوونەتە سەیری خانووەکە و نۆژەنکردنەوەکەیان بەدڵ بوو، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێک نەدراوە کە چی تێدا دەکرێت.
ساڵح محەمەد سەمین بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ـی وت، خانووەکەی حەسەنە فەنی لە کفری یەکێک بوو لە شوێنەوارە دێرینەکان و لەلای ئەوان تۆمار کراوە، خانەوادەکەشیان بە تەواوی لە حسابی خۆیان نۆژەنیان کردووەتەوە.
وتیشی، نۆژەنکردنەوەکە لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی ئەواندا بووە و نابێت هیچ دەستکارییەکی زیادە بکرێت، وەک دەستکاریکردنی رووبەری ژوورەکان و گەورەکردن و بچوککردنەوەی، بەڵكو دەبێت چۆن بووە پێشتر هەروا بمێنێتەوە.
هێشتا خانەوادەی حەسەنە فەنی بڕیاریان نەداوە خانووەکە بکەنە مۆزەخانە یان شتێکی دیکە، بەڵام هەر بڕیارێک بدەن دەبێت شوێنەوار ئاگادار بێت، ساڵح محەمەد وای وت.
بەڕێوەبەری شوێنەوار ئاماژەی بەوەش کرد، 17 دەرخستەمان لەبەردەستە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار، نووسراویشمان چووەتە وەزارەتی دارایی بەڵام پارەیان بۆ خەرج ناکەن و لە ژمارەیەش نۆ دانەیەکیان دەکەوێتە قەزای کفری.