دیمەنێك لە كۆڕبەندەكە، فۆتۆ: راگەیاندنی زانكۆی سەڵاحەدین
كۆڕبەند بەڕێوەچوو
لە هەولێر باسی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە کۆڕبەندێکدا لە هەولێر، باس و خواسی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا و کۆشکی سپی شەنوكەو کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.1.2025، لە هۆڵى کۆچەر بیرکار لە سەنتەری رۆشنبیری و کولتووریی زانکۆی سەڵاحەدین، سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژیی لە کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین، كۆڕبەندێكی لە بارەی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رێكخست.
كۆڕبەندەكە بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوە و دیراساتی ستراتیژیی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی بە ناونیشانی (گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بەردەوامبوون یاخود وەرچەرخان لە سیاسەتی دەرەوە) سازکرا.
سامان عەبدوڵا بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی سەڵاحەدین بە 964ی راگەیاند، لە كۆڕبەندەكەدا، روانگەی دۆناڵد ترامپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێڕوانینی بۆ جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ غەزە و باشووری لوبنان، هەروەها رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، تورکیا و لێکەوتەکانی گەڕانەوەی ترامپ لەسەر عێراق و هەرێم و رۆژئاوای کوردستان خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
لە كۆڕبەندەكەدا هەریەكە لە پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ و كەسایەتی و شارەزایانی بواری سیاسی ئامادەی بوون.